ئۆکرانیا داوا لە هاووڵاتیانی دەکات بەزووترین کات شاری باخمووت چۆڵبکەن

ئۆکرانیا داوا لە هاووڵاتیانی دەکات بەزووترین کات شاری باخمووت چۆڵبکەن
ئۆکرانیا داوا لە هاووڵاتیانی دەکات بەزووترین کات شاری باخمووت چۆڵبکەن

K24 - ھەولێر:

ئیرینا ڤێرشچوک جێگری سەرۆک وەزیرانی ئۆکرانیا رایگەیاند، ئۆکرانیا نایەوێت ژیانی هاووڵاتیانی بکەوێتە مەترسییەوە و داوا لە هەموو هاووڵاتیانی شاری باخمووت دەکات بەزووترین کات شارەکە چۆڵبکەن.

جەختیشیکردەوە، شۆکبووە بەوەی، سەرەڕای ئەو شەڕ و پێکدادانە سەختەی لە ناوچەکە روودەدات، هێشتا 6 هەزار هاووڵاتی لە شارەکە ماونەتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەهۆی شەڕ و پێکدادان و بۆردوومانی رووسیاوە بەردەوام هاووڵاتیان لەو ناوچەیە دەبنە قوربانی، ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیاش ئاشکرایکرد، بارودۆخی جەنگ لە ناوچەکانی باخمووت و سۆلیدار زۆر سەختە.

هه‌روه‌ها نوسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی لە ئۆکرانیا ئه‌مڕۆ بڵاویکردەوە، جەنگی بەردەوامی رووسیا و ئۆکرانیا بارودۆخی هاووڵاتیانی له‌ ئۆكرانیا خراپترکردووە و نزیکەی 18 ملیۆن کەس پێویستیان بە هاوکاری مرۆییە خێرا هەیە.

ئاماژەی بەوەشدا، لە کارەکانیان بەردەوامن و هاوکاری مرۆیی پێشکەشی هاووڵاتیانی ئۆکرانیا دەکەن، بۆ گەیاندنی هاوکاری بە 11 ملیۆن هاووڵاتی بۆ ساڵی 2023 پێویستیان بە 3 پۆینت 9 ملیار دۆلار هەیە.

نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، لە ساڵی 2022 بڕی 3 پۆینت 8 ملیار دۆلار وەک هاوکاری مرۆیی بۆ ئۆکرانیا کۆکرایەوە، بەدڵنیاییەوە ئەمساڵیش لەڕێگەی هاوبەشەکانیان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەردەوامدەبن لە هاوکارییەکانیان بۆ ئۆکرانیا.

له‌ 24ـی شوباتی 2022، به‌ فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا هێرشكرایه‌سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی بوون، تا ئێستاش ئه‌و جه‌نگه‌ به‌رده‌وامه‌.