پارتی: هەموو بەربەستێکمان لاداوە و ئامادەین بۆ هەڵبژاردن

کۆمسیۆن لەبارەی هەڵبژاردن هۆشداری بە لایەنە سیاسییەکان دەدات

K24 - هەولێر

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی رایدەگەیەنێت: زۆربەی بەربەستەکانی بەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان لاداوە، ئێستا کاتی حزبەکانی دیکەیە بە کردار بیسەلمێنن کە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردندان. گوتەبێژی کۆمسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش دەڵێت: ئەگەر تا مانگی ئایار  پڕۆسەکە یەکلا نەکرێتەوە، بە دوور دەزانرێت ئەمساڵ هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت.

هیوا ئەحمەد مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "هەرچی ئاسانکاریی هەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن ئێمە ئامادەین، سەبارەت بە بابەتی شێوەی بازنەکان بازکراوە، ئێمە ئامادەی خۆمان دەربڕیوە، بابەتی کۆتاکان گوتومانە ئامادەین بە مەرجێک مافەکانیان پارێزراو بێت وەکو پارتی پشتیوان و هاوکار دەبین".

سەبارەت بە تۆماری دەنگدەرانیش، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی، گوتی: "ئەوەی کە لە هەڵبژاردنی عێراق کراوە ئێمە ئەوەمان پێ باشە".

یەکێتی پێشتر داوای دەکرد، سیستەمی هەڵبژاردن بکرێتە چوار بازنەیی، پارتی و حزبەکان پەسەندیان کرد، داوایکرد تۆماری بایۆمەتری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بەکاربهێندرێت، ئەم داوایەش پەسەندکرا. کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش، دەڵێت: دەتوانرێت داتاکانی بایۆمەتری عێراق بەکاربهێنێت و لەوبارەیەوە کێشەیان نییە.

شێروان زرار، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی گوت: "لایەنە سیاسییەکان تا مانگی ئایار ئەگەر رێککەوتن نەکەن لەسەر کاراکردنەوەی ئەنجومەنی کۆمسیاران و هەمواری یاسای هەڵبژاردن بە دووری دەزانین لە ئەمساڵدا هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت".

سەبارەت بە پرسی پێکهاتەکان، پارتی و بزووتنەوەی گۆڕان داوایان کردووە ئەو پرسە بۆ خودی پێکهاتەکان جێبهێڵدرێت، تا لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکاندا یەکلایبکرێتەوە، لەلایەکی دیکەشەوە. لە دوایین دیداریدا لەگەڵ نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، بافڵ تاڵەبانی  داوای هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەر دەکات.

Fly Erbil Advertisment