هیومان رایتس وۆچ: ژیانی ژینگەپارێزانی عێراق لە مەترسیدایە
K24 - هه‌ولێر:
رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ رایده‌گه‌یه‌نێت، چالاكوانانی ژینگه‌پارێز له عێراق له‌لایه‌ن گرووپه چه‌كداره‌كانه‌وه رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه، گرتن و رفاندن بوونه‌ته‌وه.
ئاده‌م كوگل، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی رێكخراوی هیومان رایتس ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، حکومەتی عێراق له‌جیاتی ئەوەی هەنگاوی کۆنکرێتی بنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە سەرەکییە ژینگەییەکانی عێراق، هێرش دەکاتە سەر ئەو کەسانەی کە باس لەو پرسانە دەکەن بۆ كپكردنه‌وه‌ی ده‌نگی ژینگەپارێزی لەو وڵاتە.
رێكخراوه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، له ناوه‌ڕاستی شوباتی ئه‌مساڵ جاسم ئه‌سه‌دی گه‌وره چالاكوانی بواری ژینگه‌پارێزی به ده‌ستێوه‌ردانی حكومه‌ت ئازادكرا، كه بۆ ماوه‌ی دوو هه‌فته له‌لایه‌ن گروپێكی چه‌كداری نه‌ناسراوه‌وه رفێنرابوو.
ده‌شڵێت، ئه‌سه‌دی له چاوپێكه‌وتنێكدا رایگه‌یاندووه، له‌لایه‌ن گروپه‌كه‌وه به ته‌زووی كاره‌با و لێدان ئه‌شكه‌نجه‌دراوه و به‌رده‌وام شوێنگۆڕكێی پێكراوه و رفاندنیشی یه‌كێكی تره له‌و زنجیره دوژمنكارانه‌ی له‌دژی چالاكوانانی ژینگه‌پارێزی ده‌گیرێته‌به‌ر.