ئافاد: ژمارهی گیانلهدهستدان بههۆی بوومهلهرزهكهوه 44 ههزار كهسی تێپهڕاند

K24 – هەولێر:
سهرۆكایهتی ئیدارهدانی كارهسات و باری لهناكاو لە تورکیا (AFAD)، رایگەیاند، ژمارهی گیانلهدهستدان بههۆی بوومهلهرزهكهوه، گەیشتە 44 هەزار و 218 کەس.
به گوێرهی راگهیهندراوهكهی ئافاد، لە دوای روودانی بوومهلهرزهكان کە چەقەکەی شارۆچکەکانی پازارجک و ئەلبستان پارێزگای مەڕەش بوو، نۆ هەزار و 136 پاشلەرزە روویداوە.
بەهۆی بوومەلەرزەکانەوە لە هەریەک لە پارێزگاکانی، مەڕەش، دیلۆك، ئورفا، دیاربەکر، ئادانا، ئادیامان، عوسمانییە، هاتای، کلیس، ماڵاتیا و ئەلعەزیز، 44 هەزار و 218 کەس گیانیان لەدەستداوە.
ژمارەی ئەو کەسانەش کە لە ناوچەکەوە گوازراونهتهوه بۆ پارێزگاکانی دیکەی تورکیا، گەیشتووهته 528 هەزار و 146 کەس.
لە ئێستادا 11 هەزار و 428 کارمەندی گەڕان و رزگارکردنی سەر بە ئافاد، تیمەکانی دیکەی ناوخۆ و تیمە نێودەوڵەتییەکان لە ناوچەکەدا ئەرک بەجێدەگەیەنن.
کۆی گشتی ژمارەی کارمەندانی ئافاد، ئاسایش، جەندرمە، وەزارەتی بەرگریی تورکیا، تیمی بەهاناوەچوونی پزیشکی نیشتمانیی، تیمەکانی ئامبوڵانس، خۆبەخشان و تیمەکانی ئاسایشی ناوخۆ، گەیشتوونەتە 239 هەزار و 977 کەس.
هاوکات، 13 هەزار و 224 حەفارە، کرێن، شۆفڵ، بلدۆزەر، بارهەڵگر، ترێلە، تانکەری ئاو و هاوشیوەکانی بۆ ناوچەی کارەساتەکە دابینکراوە.
لە رێگەی "پردی ئاسمانیی"وە کە بۆ گواستنەوەی کارمەند و پێداویستی لەلایەن فڕۆکەکانی سەربە هێزە ئاسمانییەکان، هێزە وشکانییەکان، ئاسایشی کەناراوەکان و فەرماندەیی گشتیی جەندرمە پێکهێنراوە، 13 هەزار و 177 گەشتی ئاسمانی ئەنجامدراوە.
هەروەها کۆی گشتی 38 کەشتی لەلایەن وەزارەتی بەرگریی تورکیا و فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیاوە بۆ گواستنەوەی کارمەند و پێداویستی و رزگارکردنی هاووڵاتییان تەرخانکراوە.
کارەکانی دانانی 335 هەزار و 382 چادر کە لەلایەن وەزارەتەکان، رێکخراو و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان و وڵاتە جیاجیاکانەوە بۆ ناوچەکانی بوومەلەرزەکان نێردراوە تەواو بووە.
دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بە کابینە لە 10 پارێزگا و 130 خاڵ بەردەوامە.
ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە چادر، کابینە، بەشەناوخۆییەکانی GSB، هوتێل، میوانخانە گشتییەکان، دامەزراوەکانی سەربە وەزارەتی پەروەردە و دامەزراوەکانی دیکە لە ناوچە کارەساتبارەکان و دەرەوەی ناوچە کارەساتبارەکاندا نیشتەجیکراون، گەیشتووهته یەک ملیۆن و 914 هەزار و 292 کەس.
هەروەها لە چوارچێوەی گرووپی پاڵپشتیی دەروونی کۆمەڵایەتیی دوای کارەسات، چوار ناوەندی خزمەتی کۆمەڵایەتیی گەڕۆک لە مەڕەش، هاتای، عوسمانییە و ماڵاتیا دامەزراوە، پاڵپشتیی دەروونی پێشکەش بە 911 هەزار 942 کەس کراوە کە 614 هەزار و 993 کەسیان لە ناوچەی بوومەلەرزەکە و 296 هەزار و 949یان لە دەرەوەی ناوچەی بوومەلەرزەکەدا بوون.
سهرچاوه: ئهنادۆڵ