داوا له ئیداره‌ی خۆسه‌ر ده‌كرێت چاره‌نووسی رۆژنامه‌نووس گۆران عه‌زم ئاشكرابكرێت

K24 - هەولێر:
دوو رۆژ پێش ئێستا له‌شاری قامشلۆی رۆژئاوای كوردستان، ژماره‌یه‌ك چه‌كداری ده‌مامكدار رۆژنامه‌نووس گۆران عه‌زم ده‌ڕفێنن، تۆڕی رۆژنامه‌نووسانی كوردانی سووریاش داوای ئاشكراكردنی چاره‌نووسی ده‌كات.
ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه 27 شوبات / فێبرایه‌ری 2023)، تۆڕی رۆژنامه‌نووسانی كوردانی سووریا له‌باره‌ی رفاندنی رۆژنامه‌نووس گۆران عه‌زم راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه، تێیدا داوای ئاشكراكردنی به‌په‌له‌ی چاره‌نووسی ده‌كات.
هه‌روه‌ها له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی تۆڕی رۆژنامه‌نووسانی كوردانی سووریادا هاتووه: له شاری قامشلوی رۆژئاوای كوردستان، ژماره‌یه‌ك چه‌كداری ده‌مامكدار رۆژنامه‌نووس گۆران عه‌زم به‌بێ بوونی فه‌رمانی ده‌ستگیركردن، ده‌ڕفێنن.
تۆڕه‌كه ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، گۆران عه‌زم له نێو بازاڕی گشتی قامشلۆ به‌ره‌و شوێنێكی نادیار رفێندراوه.
جه‌ختیشكراوه‌ته‌وه، كه گۆران عه‌زم یه‌كێكه له دامه‌زرێنه‌رانی تۆڕی رۆژنامه‌نووسانی كوردانی سووریا و یه‌كێك بووه له به‌رگریكاره دیاره‌كانی مافی رۆژنامه‌نووسان.
تۆڕی رۆژنامه‌نووسانی كوردانی سووریا داوا له ده‌سه‌ڵاتدارانی ئیداره‌ی خۆسه‌ر له رۆژئاوای كوردستان ده‌كات، چاره‌نووس و شوێنی گۆران عه‌زم ئاشكرابكه‌ن و ناوبراو ئازادبكرێت.