ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس لە بەغدایە

K24 - هەولێر

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان شەوی رابردوو گەیشتە بەغدا و رایگەیاند: هیوادارم کاتی پێویستم هەبێت بۆ ئەوەی سەردانی کەمپی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان بکەم.

درەنگانی شەوی رابردوو سێشەممە (28ـی شوبات/فێرێوەری 2023)، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدای پایتەخی عێراق و لەلایەن فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق پێشوازی لێکرا.

گۆتێرێس و فوئاد حوسێن کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان سازکرد، تێیدا سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکەی بۆ عێراق دەربڕی و رایگەیاند، دڵنیایە لەوەی گەلی عێراق دەتوانێت ئالنگاری و کێشە و گرفتەکان تێبەڕێنێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گۆتێرێس ئاماژەی بەوەکرد،  چەندین جار سەردانی عێراقی کردووە و هیواخوازە کاتی پێویست هەبێت بۆ ئەوەی سەردانی کەمپی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان بکات.

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشکرد، سەردانی ئەو هاووڵاتییانەی عێراقی کردووە کە ئاوارەی سووریا بوونە، کە وەکو خۆی دەڵێت، "بە بارودۆخێکی سەختی ژیاندا تێدەپەڕن"، پێشوازی لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییان لە دەرەوەی وڵاتیش دەکات.

لای خۆیەوە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەمیانی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا بەخێرهاتنی گۆتێرێسی کرد و جەختی لەوەکردەوە، "سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر داوای فەرمی حکومەتی عێراق سەردانی بەغدای کردووە".

فوئاد حوسێن، گوتی: "پەیوەندییەکی بەهێزمان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە، سوپاسی هەوڵەکانی گۆتێرێز دەکەین بۆ پاڵپشتیکردن لە حکومەتی عێراق لە بوارە جیاوازەکاندا".

 ئەوەشی خستەڕوو، لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس بارودۆخی گشتیی عێراق تاوتوێدەکەن و راوبۆچوونەکانی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی ئێستای وڵاتەکە بە هەند وەردەگرن.