له باره‌ی راگرتنی سیستمی ده‌ركردنی پاسپۆرته‌وه روونكردنه‌وه ده‌ده‌رێت

K24 – هه‌ولێر:
دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاگادارییه‌ك له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كاروباری پاسپۆرت له وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق سه‌باره‌ت به راگرتنی سیستمی پاسپۆرت بۆ سبه‌ی پێنجشه‌ممه، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ره‌گه‌زنامه‌ی هه‌رێمی كوردستان روونكردنه‌وه بۆ كوردستان24 ده‌دات.
رۆژی چوارشه‌ممه (1ـی ئادار/مارسی 2023)، لیوا هێرش ئه‌حمه‌د، بەڕێوبەری گشتی رەگەزنامەی هەرێمی كوردستان به كوردستان24ـی راگه‌یاند، سبه‌ی پێنجشه‌ممه كاروباره‌كانی راییكردنی مامه‌ڵه‌ی نوێكردنه‌وه و ده‌ركردنی پاسپۆرتی هاووڵاتییان له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی پاسپۆرت له هه‌رێمی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی به‌رده‌وامده‌بێت.
سه‌باره‌ت به هه‌واڵی راگرتنی سیستمی پاسپۆرت، لیوا هێرش ئه‌حمه‌د ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، به‌مه‌به‌ستی گۆڕینی پاسپۆرتی ئێستای عێراقی بۆ پاسپۆرتی ئه‌لیكترۆنی و نوێكردنه‌وه‌ی سیسته‌مه‌كه، به‌غدا بۆ ماوه‌یه‌ك به‌شێوه‌ی ئه‌زموونی سیسته‌مه‌كه تاقیده‌كاته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه نابێته هۆی راگرتنی كاروباره‌كانی چاپكردنی پاسپۆرت به‌شێوازی چاپی كۆن.
پێشتر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌ی كاروباری پاسپۆرت له وه‌زاره‌تی عێراق له ئاگادارییه‌كدا، راگرتنی سیستمی ده‌ركردنی پاسپۆرتی ته‌نیا بۆ رۆژی پێنجشه‌ممه (2ـی ئادار/مارسی 2023) راگه‌یاند، وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك بۆ پێدانی پاسپۆرتی ئه‌لیكترۆنی به هاووڵاتییان، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه به‌و شوێنانه بكات، كه كاركردن تێیاندا ده‌وه‌ستێت.