ئیی پارتی له هاوپه‌یمانی میلله‌ت كشایه‌وه و کلیچدارئۆغڵوش داوای كۆبوونه‌وه‌ی به‌په‌له‌ی پارته‌كه‌ی ده‌كات

K24 – هه‌ولێر:
دوای كۆبوونه‌وه‌ی شه‌ش لایه‌نه ئۆپۆزیسیۆنه‌كه كه به هاوپه‌یمانی میلله‌ت ناسراوه بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كاندیدێكی هاوبه‌ش بۆ سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا، سه‌رۆكی ئیی پارتی كشانه‌وه‌ی خۆیان راگه‌یاند له‌و هاوپه‌یمانییه‌ته.
ئه‌مڕۆ هه‌ینی (3ـی ئادار/مارسی 2023)، مه‌راڵ ئاكشه‌نه‌ر، سه‌رۆكی ئیی پارتی دوای كۆبوونه‌وه‌ی گشتی پارته‌كه‌ی له كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا كشانه‌وه‌ی خۆیان له هاوپه‌یمانی میلله‌ت راگه‌یاند، به‌هۆی سووربوونی هه‌ر پێنج لایه‌نه‌كه‌ی دیكه له‌سه‌ر كاندیدكردنی کلیچدارئۆغڵو بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری.
مه‌راڵ ئاكشه‌نه‌ر رایگه‌یاند، پێشنیازەکانیان ره‌تکراوه‌ته‌وه كه وه‌ك ئیی پارتی داوای کاندیدکردنی مەنسوور یاڤاش، سه‌رۆكی شاره‌وانی ئه‌نقه‌ره و ئه‌كره‌م ئیمامئۆغڵو، سه‌رۆكی شاره‌وانی ئیستانبوڵیان كردووه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له هه‌ڵبژارنه‌كانی رابردوو توانیویانه به‌سه‌ر كاندیده‌كانی ئه‌ردۆگان و ئاكپارتی سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنن.
هه‌روه‌ها سه‌رۆكی ئیی پارتی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، هاوپەیمانی میللەت خیانەتیان لێکردن به‌ڵام ئه‌وان داهاتووی تورکیا ناخەنه مەترسییەوه و بەرامبەر ئه‌و زۆردارییه سەر دانانەوێنن.
له یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌شدا، كه‌مال کلیچدارئۆغڵو له‌به‌رامبه‌ر قسه‌كانی ئاكشه‌نه‌ر، گوتی، "نیگه‌ران مه‌به، هه‌موو به‌رده‌كان ده‌كه‌ونه‌وه شوێنی خۆیان".
هه‌روه‌ها سه‌رۆكی پارتی جه‌هه‌په، داوای له پارته‌كه‌ی كرد به زوورین كات كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گشتی ئه‌نجامبده‌ن.

ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له واده‌ی خۆیدا كرده‌وه، كه پێشر به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی 6ـی شوباته‌وه گومان له دواخستنی هه‌بوو.
رۆژی یه‌كشه‌ممه (22ـی كانوونی یه‌كه‌م/یه‌نایری 2023)، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا رایگه‌یاند، 14ـی ئایار/مایۆی 2023، هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی و په‌رله‌مانی له توركیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
وابڕیار بوو رۆژی 18ـی حوزه‌یران/یۆنیۆی 2023، هه‌ڵبژاردنه‌كان له توركیا ئه‌نجامبدرێن، سه‌باره‌ت به گۆڕینی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش، ئه‌ردۆغان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ئه‌مه هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته نییه، به‌ڵكو ته‌نها گۆڕینی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه و هۆكاره‌كه‌شی بۆ له‌به‌رچاوگرتنی واده‌ی تاقیكردنه‌وه‌كان له ناوه‌نده‌كانی خوێندنی وڵاته‌كه‌ی گه‌ڕانده‌وه.