محەممەد شیاع سوودانی: ئه‌ركی عێراق گەیاندنی پەیامەکانی نێوان تاران و واشنتۆن نییە

محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق
محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق

K24 – هه‌ولێر:

سەرۆک وەزیرانی عێراق جه‌خت له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی وڵاته‌كه‌ی كرده‌وه‌ له‌ ناكۆكییه‌كانی نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكا و رایگه‌یاند رێگە بە هیچ لایەنێك نادەن عێراق پەلكێشی نێو ململانێكان بكات.

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەمیانی دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، ئەركی عێراق گەیاندنی پەیامەکانی نێوان تاران و واشنتۆن نییە، بەڵکو تەنھا خاوەن دەستپێشخەرییەكە بۆ لێكنزیككردنەوەی دیدگاکان و دەشڵێت، رێگە بەهیچ لایەنێك نادەن عێراق پەلكێشی نێو ململانێكانیان بكەن و ببنە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانی عێراق.

هه‌روه‌ها سوودانی دووپاتیکردەوە، وڵاتەکەی هەرچەشنە دەستدرێژییەک لەلایەن ئێران و توركیاوە بۆ سەر سنوورەکانی رەتدەکاتەوە و رێگەش بەھیچ لایەنێك نادەن لە عێراقەوە ھێرشی سەر وڵاتانی دراوسێ بكرێت. ئاماژەی بەوەشكرد، هێزە ئەمنییەکانی فیدراڵی بە ھاوكاری لەگەڵ ھەرێمی كوردستان چاودێری سنوورەکانی ئێران و تورکیا دەكەن.