ئه‌یاد عه‌لاوی بۆ كوردستان24: سه‌ردانی سه‌رۆك بارزانی ده‌كه‌م، له‌باره‌ی ره‌شنووسی یاسای نه‌وت و گاز پێشنیازێكی پێده‌ده‌م

ئەیاد عەلاوی
ئەیاد عەلاوی

K24 – هه‌ولێر:

له‌ لێدوانێكی تایبه‌ت به‌ كوردستان24، ئه‌یاد عه‌لاوی، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی نیشتمانی رایگه‌یاند، دڵنیام سوودانی كێشه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ر ده‌كات و هه‌ندێك لایه‌ن هه‌ن به‌ربه‌ستن له‌به‌رده‌م سوودانی.

هه‌روه‌ها ئه‌یاد عه‌لاوی راشیگه‌یاند، ده‌ستوور رێگه‌ی داوه‌ داهات به‌ یه‌كسانی دابه‌ش بكرێت.

ده‌شڵێت: "یاسای نه‌وت و گاز، كێشه‌ داراییه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێم رێكده‌خاته‌وه‌ و هه‌ولێر و به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، جدیین".

عه‌لاوی گوتی: "دەبێت یاسای نەوت و گاز دەربکرێت، بۆ ئەمەش من چەند پێشنیازێکم هەیە و بەم نزیکانە دەچمە هەولێر و بە برام کاک مەسعود دەڵێم بۆ ئەوەی چارەسەری ئەم کێشانە بکەین".

جه‌ختیش له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، کە بۆشاییەکان بە دەستوور چارەسەربکرێن، بە تایبەت پرسی دابەشکردنی داهاتی نەوت و گاز. 

عه‌لاوی گوتیشی: "کێشەکان بە دەرکردنی یاسای نەوت و گاز و دامەزراندنی ئەنجوومەنی باڵای نەوت و گاز چارەسەردەکرێن، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت یاسایەک بۆ دابەشکردنی پشکی داهات دەربکرێت، چی بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت و چی بۆ بەغدا و بەسڕە و دیوانیە دەبێت، بەمە هەردووکیان چارەسەر دەبن و دەبێت بەزوویی چارەسەر بکرێن، نابێت چیتر بەمشێوە بهێڵدرێتەوە، ئەمە بیست ساڵە بەمجۆرەیە".

له‌باره‌ی سوودانییه‌وه‌ ئه‌یاد عه‌لاوی ده‌ڵێ: "من متمانەم بە سەرۆکوەزیرانی ئێستا هەیە، ئەو کەسێکی بە توانا و لێهاتووە و پاکە، بەڵام لەلایەن پەرلەمانەوە فشاری لەسەرە".