لە هێرشێکی خۆکوژیدا لە پاکستان نۆ پۆلیس کوژران

دیمه‌نێكی دوای هێرشه‌كه‌
دیمه‌نێكی دوای هێرشه‌كه‌

K24 - هه‌ولێر:

لە هێرشێکی خۆکوژیدا بۆ سەر ئۆتۆمبێلێکی پۆلیس لە هەرێمی بەلوچستانی باشووری رۆژئاوای پاکستان، نۆ پۆلیس کوژران و 11ی دیکەش برینداربوون.

بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی داون لە شاری بۆلان لە سنووری ناوچەی کاچی و سیبی له‌ پاكستان، هێرشێکی خۆکوژی بۆ سەر ئۆتۆمبێلی پۆلیس لەو کاتەی بەسەر پردێکدا تێدەپەری، ئەنجام درا.

به‌گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه‌، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا، نۆ پۆلیس کوژراون و 11ی دیکەش برینداربوون.

تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە.

لە ماوەی مانگەکانی رابردوودا، هێرشە تیرۆریستییەکان لە پاکستان و بە تایبەتی لە هەرێمەکانی خەیبەر پاختونخوا و بەلوچستان رووی لە زیادبوون کردووە.

ئیسلام ئاباد، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم هێرشانە لەلایەن تاڵیبانی پاکستان کە لە ئەفغانستان نیشتەجێن پلانی بۆ دادەنرێت و ئیدارە دەکرێت، لای خۆیەوە ئەفغانستان ئەو بانگەشانە رەتدەکاتەوە.

لە 30 کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە ئاکامی هێرشێکی خۆکوژی لە کاتی نوێژی نیوەڕۆ بۆسەر مزگەوتێکی شاری پیشاوەری پاکستان 102 کەس گیانیان لەدەستدابوو کە زۆرینەیان پۆلیس بوون.