ئێران سزای له‌ سێداره‌دانی بۆ شه‌ش كه‌سی دیكه‌ ده‌ركرد

تاوه‌ری ئازادی له‌ تارانی پایته‌ختی ئێران
تاوه‌ری ئازادی له‌ تارانی پایته‌ختی ئێران

K24 - هه‌ولێر:

"به‌تۆمه‌تی لایه‌نگیریان بۆ رێكخراوێكی تیرۆریستی"، دادگایه‌كی ئێرانی سزای له‌سێداره‌دانی بۆ شه‌ش ده‌ركرد.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئاژانسی میزانی نزیك له‌ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ئێرانی، ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه‌ 6ـی ئادار / مارسی 2023)، دادگایه‌كی ئێرانی سزای له‌سێداره‌دانی بۆ 6 كه‌س ده‌ركرد، كه‌ له‌ نێوان ساڵی 2017 تاكو 2019 چه‌ندین هێرشیان له‌ باشووری ئێران ئه‌نجامداوه‌.

ئاژانسی میزان ئه‌وه‌شی راگه‌یاندووه، "دادگای ئه‌هواز سزای له‌ سێداره‌دانی بۆ شه‌ش كه‌س له‌ ریزه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی ئه‌هوازی تیرۆریستی، به‌ تۆمه‌تی ئه‌نجامدانی چه‌ندین هێرشی تیرۆریستی له‌ پارێزگای خوزستان، ده‌ركرد، كه‌ به‌ فه‌رمانی سه‌ركرده‌كانیان له‌ ئه‌وروپا چوار كه‌سیان كووشتووه‌، كه‌ پێكهاتوون له‌ ئه‌ندامانی به‌سیج و پۆلیسی ئێرانی".

دووپاتیشكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌و گرووپه‌ به‌رپرسیاری هێرشه‌كه‌ی ساڵی 2018ـی مه‌راسیمه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی ئه‌هوازن، بووه‌ هۆی كوژرانی 25 كه‌س و برینداربوونی 249 كه‌سی دیكه‌.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، دوای چین، ئێران پێشه‌نگه‌ له‌ پرۆسه‌ی له‌سێداره‌دان له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا.