دانیشتوانی ئیسكه‌نده‌روون به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی ئاو له شاره‌كه‌یان نیگه‌رانن
مه‌ترسی روودانی تسۆنامی ده‌كرێت

K24 – هەولێر:
به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی ئاو له ده‌ریای ناوه‌ڕاست، دانیشتوانی شاری ئیسكه‌نده‌روونی سه‌ر به شاری هاتای له باشووری توركیا نیگه‌رانن.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی ئیسكه‌نده‌روون، ئاستی ئاوی ده‌ریای ناوه‌ڕاست له‌نێو شاره‌كه‌دا 50 سانتیمه‌تر به‌رزبووه‌ته‌وه، بووه‌ته جێی نیگه‌رانی و ئه‌گه‌ری دروستبوونی تسۆنامی له ناوچه‌كه، كه له‌ماوه‌ی رابردوودا دوو بوومه‌له‌رزه‌ی به‌هێز و وێرانكه‌ر روویانداوه.
سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی ئیسكه‌نده‌روون ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی ئاو، چه‌ندین به‌له‌می راوكردن نقووم بوونه و پێگه‌ی راوكه‌ره‌كانیش زیانیان پێگه‌یشتووه.
روونیشیكردووه‌ته‌وه، به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی ئاو له ئیسكه‌نده‌روون، په‌یوه‌ندی به بوومه‌له‌رزه‌وه نییه، تا ئێستاش زیان به خه‌ڵكی ناوچه‌كه نه‌گه‌یشتووه، ته‌نیا نیگه‌رانی بڵاوبووه‌ته‌وه.
سه‌رۆكایه‌تی ئیداره‌دانی كاره‌سات و باری له‌ناكاو لە تورکیا (AFAD)، بڵاویكرده‌وه، بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك به گوڕی 4.5 رێخته‌ر و به قووڵی 5.39 كسلۆمه‌تر له كه‌نداوی ئیسكه‌نده‌روون روویدا، هیچ زیانێكی گیانی لێنه‌كه‌وته‌وه.
ئه‌م بوومه‌له‌رزه‌یه دوای ئه‌و 13 هه‌زار پاشله‌رزانه‌وه دێت، كه دوای بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی 6ـی شوباتی رابردوو روویانداوه.
ناوچه‌ی هاتای توركیا، یه‌كێكه له‌و 11 ناوچانه‌ی توركیا، كه به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی 6ـی شوبات، زیانی زۆری پێگه‌یشتووه.