زێلێنسکی: وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا دەبێت دووبارە بگەڕێتەوە ژێر دەستی ئۆکرانیا
K24 - ههولێر:
ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ئاشكرایكرد لە میانی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، هاوڕابوون لەسەر بابەتی بەردەوامیدان بە دەستپێشخەریی دانەوێڵەی دەریای رەش لە دوای 18ی ئادارەوە. گوتیشی، "وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا دەبێت دووبارە بگەڕێتەوە ژێر دەستی ئۆکرانیا".
ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی لە کیێڤ لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گوتێرێس کۆبووهوە. لە دوای کۆبوونەوەی دووقۆڵی و کۆبوونەوەی نێوان شاندەکان لە کۆشکی سهرۆكایهتی، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەش ئەنجامدرا. زێلێنسکی، لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا کە لەسەرەتای جەنگی رووسیا-ئۆکرانیا کەوتە ژێر دەستی سوپای رووسیا، دەبێت دووبارە بگەڕێتەوە ژێر دەستی ئۆکرانیا.
زێلێنسکی جهختی لەوە کردهوه، رووسیا وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا کە لە ئۆکرانیا کۆنترۆڵی کردووە وەکو ئیبتیزازێکی ئەتۆمی بەکار دەهێنێت و گوتی: "دەبێت وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا بە تەواوەتی بگەڕێتەوە ژێر دەستی ئۆکرانیا. ئەمە نەک تەنها بۆ ئۆکرانیا بەڵکو پرسی ئاسایشی جیهانییە".
سهرۆكی ئۆكراینا ئەوەی خستەڕوو لەگەڵ گوتێرێس تاوتوێی بەردەوامیدان بە دەستپێشخەریی دانەوێڵەی دەریای رەشیان لە دوای 18ی ئادارەوە کردووە و گوتی: "ئەمڕۆ هاورابووین لەسەر بەردەوامیدان بە دەستپێشخەریی دانەوێڵەی دەریای رەش لە دوای 18ی ئادارەوە بۆ هەموو جیهان پێداویستییەکی هەستیارە".
باسی لەوەش کرد 140 هەزار تۆن بەرهەمی خۆراک لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی "دانەوێڵە لە ئۆکرانیاوە" گەیهندراوەتە وڵاتە هەژارەکان و گوتی: "دڵنیام لەوەی کە دەتوانین ئەم دەستپێشخەرییەمان لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان و دەستپێشخەریی دانەوێڵەی دەریای رەش بەشێوەیەکی بهرچاو بەهێز بکەین. ئەمە گرەنتی زیاتر بۆ ئاسایشی خۆراکی جیهانی دابیندەکات".