په‌رله‌مانتارێكی پارتی: گەمارۆدانی قایمقامییه‌تی تلكێف شکاندنی شكۆی دەوڵەته

K24 – هه‌ولێر:
ئه‌ندامێكی فراكسيۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ئیدانەی هه‌وڵی گۆڕینی به‌رپرسانی خۆجێیی كورد له شاره‌دێی تلكێف له‌لایه‌ن گرووپێكی چه‌كداره‌وه ده‌كات و داوا له‌سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌كات ده‌ستێوه‌ردانی راسته‌وخۆ بكات.
كاڤین شێخ سه‌عید، په‌رله‌مانتاری عێراق له فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، هەندێک کەس به وه‌رگرتنی پاره لەلایه‌ن گرووپێكی چەکداره‌وه له دژی به‌ڕێوه‌به‌رانی كورد خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی ده‌رده‌بڕن، ئه‌م كرده‌وه‌یه پێشێلکردنی ئاشکرای دامودەزگاکانی حکومەت و شکاندنی شكۆی دەوڵەته بە گەمارۆدانی قایمقامییه‌تی شارۆچكه‌ی تلكێف لە پارێزگای نەینەوا كه داوای گۆڕینی به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شه‌كانی شاره‌وانی، په‌روه‌رده و كاره‌با ده‌كه‌ن.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانەی ئه‌و گرووپه نوێنەرایەتی بیری رەگەزپەرستی ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێ ململانێی تائیفی لە نێوان پێکهاتەکانی ناوچه‌كه سه‌رهه‌ڵبدات.
هه‌روه‌ها كاڤین شێخ سه‌عید، داوا له‌سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كرد به‌په‌له سنوورێك بۆ ئه‌و پێشێلكارییانه دابنێت و چیتر رێگه‌نه‌دات "گرووپێكی سه‌ره‌ڕۆ و له یاسا ده‌رچوو" دۆخی پێكه‌وه‌ژیان و سه‌قامگیری كۆمه‌ڵایه‌تی له ناوچه‌كه به‌ره‌و ئاقارێكی نه‌خوازراو ببات.