سەرۆك بارزانی لەگەڵ میری ئێزیدیان و بابا شێخ و ئەنجوومەنی ڕۆحانیی ئێزیدی كۆبووهوه

K24 – ههولێر:
رۆژی شەممە 11ی ئاداری 2023 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ میر حازم تەحسین بەگ میری ئێزیدیان و شێخ عەلی ئەلیاس بابا شێخ و ئەنجوومەنی ڕۆحانیی ئێزیدی كۆبووهوه.
لەو كۆبوونەوەیەدا میری ئێزیدیان كورتەیەكی لە ئەنجامی سەردانەكەی بۆ دەرەوی وڵات بۆ سەرۆك بارزانی باس كرد و پێزانینی خۆیشی بۆ قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئازادكردنی شنگال و پاراستن و پاڵپشتیكردنی كوردانی ئێزیدی و پێكهاتەكانی دیكه دەربڕی.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا جەخت لەوە كرایەوە، كە پێویستە بە زووترین كات رێككەوتننامەی شنگال جێبەجێبكرێ و كۆسپ و تەگەرەی بەردەم گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی باب و باپیرانیان نەمێنن.
هەر پەیوەست بە بابەتی شنگالەوە سەرۆك بارزانی ئەوەی خستەڕوو، بە هەموو شێوەیەك پاڵپشتیی جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگال دەكات و بە پێویستشی زانی ئەو هێزانەی لە دەرەوەی یاسان، شنگال بەجێبهێڵن و بارودۆخی شنگال ئاسایی بكرێتەوە و بدرێتەوە دەست خەڵكی رەسەنی شنگال.
سەرۆك بارزانی ئامادەبووانی كۆبوونەوەكەی لەوە دڵنیا كردەوە، بە هیچ شێوەیەك رێگە نادرێت خوشك و برایانی ئێزیدی تووشی نیگەرانی و پەراوێزبوون ببن.

