به ئاماده‌بوونی مه‌سرور بارزانی یه‌كه‌م دیداری گه‌نجان و لاوان به‌ڕێوه‌ده‌چێت

K24 - هه‌ولێر:
به‌ئاماده‌بوونی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان یه‌كه‌م دیداری گه‌نجان و لاوان له شاری دهۆك به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه (12ـی ئادار/مارسی 2023)، كاتژمێر 11:00ـی به‌یانی، به ئاماده‌بوونی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به به‌شداری هه‌زاران گه‌نج و لاوی پارێزگه جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، یه‌كه‌م دیداری گه‌نج و لاوان له هۆڵی كۆنفرانسه‌كانی زانكۆی دهۆك به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
كاوار نێروه‌یی، یه‌كێك له رێكخه‌رانی دیداره‌كه له لێدوانێكدا به كوردستان24ـی راگه‌یاند، شه‌ش مانگه ئاماده‌كاری بۆ ئه‌م دیداره ده‌كرێت و "ده‌توانم بڵێم یه‌كه‌مین جاره له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان دیدارێكی به‌م شێوه و فۆڕمه نوێیه‌وه به‌ڕێوه‌بچێت."
به‌گوته‌ی نێروه‌یی، له دیداره‌كه‌دا شه‌ش بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار به ژیانی خه‌ڵك و گه‌نجانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه تاوتوێده‌كرێن. گوتیشی، "له پانێله جیاوازه‌كاندا شه‌ش قسه‌كه‌ر توێژینه‌وه‌كانیان له‌باره‌ی پرسی گه‌نجان و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه ده‌خه‌نه‌ڕوو، كه بریتین له بێكاری، په‌روه‌رده، زیره‌كی ده‌ستكرد، ژینگه، سۆشیاڵ میدیا و مادده هۆشبه‌ره‌كانن". ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له‌میانی به‌ڕێوه‌چوونی دیداره‌كه‌دا هه‌وڵده‌درێت چاره‌سه‌ری بۆ ئه‌و كێشانه بدۆزرێته‌وه.