دوای بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی 6ـی شوبات 56 هه‌زار سووری به‌ یه‌كجاری گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ وڵاته‌كه‌یان

سوورییه‌كانی توركیا ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌
سوورییه‌كانی توركیا ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌

K24 – هەولێر

وه‌زیری به‌رگری توركیا رایده‌گه‌یه‌نێت، دوای بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی 6ـی شوبات، به‌ هه‌زاران سووری به‌ یه‌كجاره‌كی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ وڵاته‌كه‌یان.

خلووسی ئاكار وه‌زیری به‌رگری توركیا ئه‌مڕۆ (یه‌كشه‌ممه‌ 12ـی ئادار / مارسی 2023) له‌ میانه‌ی لێدوانێكدا رایگه‌یاند، دوای بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی 6ـی شوبات، 56 هه‌زار په‌نابه‌ری سووری له‌ توركیا به‌ یه‌كجاره‌كی و ویستی خۆیان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ وڵاته‌كه‌یان.

ئاكار راشیگه‌یاند، زۆربه‌ی سوورییه‌كانی دانیشتووی توركیا، به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی 6ـی شوبات، ماڵ و كه‌سوكارییان له‌ده‌ستداوه‌، بۆیه‌ ناچارن روو له‌ وڵاتی خۆیان بكه‌ن.

ده‌شڵێت: "ئه‌وان له‌ رێگه‌ی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانه‌وه‌، ناویان تۆماركردووه‌ و به‌ فه‌رمی و به‌ یه‌كجاره‌كی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سووریا".

وه‌زیری به‌رگری توركیا ره‌تی ئه‌وه‌ی كرده‌وه‌، هیچ په‌نابه‌رێكی سووری دوای بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی 6ـی شوبات رووی له‌ توركیا كردبێت و گوتی: "سنووره‌كان تۆكمه‌ و كۆنترۆڵكراون، دووباره‌ هاتنی ئه‌وان، قابیلی گفتوگۆكردن نییه‌، چونكه‌ رێگه‌یان پێ ناده‌ین".

دوای بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی 6ـی شوبات، توركیا رێگه‌ به‌ كه‌سوكاری ئه‌و سووریانه‌ی داوه‌، كه‌ له‌ توركیا ده‌ژین، بێن سه‌ردانی كه‌سوكاریان بكه‌ن، و ته‌نیا بۆ ماوه‌ی یه‌ك مانگ ماونه‌ته‌وه‌، پاشان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ میدیا توركیییه‌كان جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، قه‌ره‌باڵغییه‌كی زۆر له‌سه‌ر سنووره‌كان به‌هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌ سوورییه‌كان هه‌یه‌.

به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌كه‌وه‌، 6 هه‌زار په‌نابه‌ری سووری له‌ توركیا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و تا ئێستا دوو هه‌زار ته‌رم ره‌وانه‌ی سووریا كراونه‌ته‌وه‌.

دوێنێش یونس سه‌زه‌ر سه‌رۆكی سەرۆکایەتی ئیدارەدانی کارەسات و باری لەناکاوی توركیا (AFAD) ئاشكرایكرد، به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌كانی 6ـی شوباتی باكووری كوردستان و توركیا، كه‌ چه‌قه‌كه‌ی شاری مه‌ڕه‌ش بوو، 47 هه‌زار و 975 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.