ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی تای لاساوە لە نێجیریا گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 102 کەس

ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی تای لاساوە لە نێجیریا گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 102 کەس
ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی تای لاساوە لە نێجیریا گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 102 کەس

K24 - هه‌ولێر:

ژمارەی ئەو کەسانەی لە نێجیریا بەهۆی پەتای تای لاسا کە لە ئاژەڵەوە دەگواسترێتەوە بۆ مرۆڤ و پەتایەکی تا رادەیەک کوشندەیە گیانیان لەدەستداوە، بەرزبووەتەوە بۆ 102 کەس.

لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن سەنتەری کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکان لە نێجیریاوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە، لە یەکی کانوونی دووەمەوە تا ئێستا، پەتاکە لە 89 ناوچەی سەربە 22 ویلایەتی وڵاتەکە بڵاوبووەتەوە. لەو ماوەیەدا 676 حاڵەتی تووشبوون تۆمار کراوە و 102 کەسیش بەهۆی پەتاکەوە گیانی لەدەستداوە.

حکوومەتی نێجیریا، لە سەرەتای مانگی شوباتدا باری نائاسایی بەهۆی پەتاکەوە راگەیاند، ئەم پەتایە ساڵانە لە کاتی وشکەساڵىیدا لە مانگەکانی تشرینی دووەم بۆ ئایار سەرهەڵدەدات، ساڵی رابردوو لە یەکی کانوونی دووەمەوە تا 20ی تشرینی دووەم 989 کەس تووشی بوون و 178 کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەست دا.

تای لاسا لە زۆربەی وڵاتانی کیشوەری ئەفریقا وەک مالی، تۆگۆ، غانا، لیبێریا و سیرالیۆن بەدیدەکرێت، بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1969 لە ویلایەتی بۆرنۆی نێجیریا، دۆزرایەوە.

ئەم نەخۆشییە لە ئەنجامی بەرکەوتن بە پاشەرۆی مشک، بۆ مرۆڤ دەگوێزرێتەوە و دواتر لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی دیکە دەگوێزرێتەوە.

لەبەر ئەوەی تایەکی کوشندەیە و دەبێتە هۆی خوێنبەربوون و گیانلەدەستدان، به‌رپرسانی کیشوەری ئەفریقا هاووڵاتییانیان لەوە ئاگادار دەکەنەوە کە دوور بکەونەوە لە بەرکەوتن بە مشک و ئاژەڵە خورۆکەکانی دیکە.

Fly Erbil Advertisment