داوا لە هاووڵاتییان دەکرێت بۆ سەیران سەردانی گوندێکی دهۆک نەکەن

دیمەنی ئەو دارەی گوندی دێراگژنیک کە لەلایەن گەشتیارانەوە سووتێندراوە
دیمەنی ئەو دارەی گوندی دێراگژنیک کە لەلایەن گەشتیارانەوە سووتێندراوە

K24 - هەولێر:

ئەنجوومەنی گوندی دێراگژنیک داوا لە هاووڵاتییان دەکات بۆ سەیران سەردانی دەوروبەری گوندەکەیان نەکەن. موختاری گوندەکەش دەڵێت، جاری یەکەم نییە گەشتیاران داری ناوچەکە بسووتێنن و ژینگەکەشی پیس بکەن.

دوێنێ دووشەممە (13ـی ئادار/مارسی 2023)، سۆشیاڵ میدیای کوردستان24 ڤیدیۆیی دارێکی بڵاوکردەوە، کە لە گوندی دێراگژنیکی سەر بە قەزای ئامێدی لە سنووری دهۆک لەلایەن چەند گەشتیارێکەوە سووتێندرابوو. ڤیدیۆکە کاردانەوەی لێکەوتەوە و دانیشتووانی گوندەکە و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانی نیگەران کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە (14ـی ئادار/مارسی 2023)، ئەحمەد عەلی ئەحمەد، موختاری گوندی دێراگژنیک بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو گەشتییارانەی سەردانی دەوروبەری گوندەکەیان کردووە، چەندین داری بەتەمەنی ئەو ناوچەیان سووتاندووە، پاشماوەکانیان بەجێهێشتووە و ژینگەکەشیان پیسکردووە.

موختاری گوندی دێراگژنیک ئاماژەی بەوەکرد، دوای سووتاندنی ئەو دارانە و پیسکردنی ژینگەی دەوروبەری گوندەکەیان، ئەنجوومەنی گوندەکە بۆ تاوتوێکردنی ئەو بابەتە کۆبووەتەوە. دەشڵێت، "بە نوێنەرایەتی ئەنجوومەنی گوندەکە داوا لە هاووڵاتییان دەکەین بۆ سەیران و بەتایبەتی بۆ نەورۆز سەردانی دەوروبەری گوندەکەمان نەکەن".

بەگوتەی ئەحمەد عەلی، جاری یەکەم نییە ئەو هاوڵڵاتییانەی بۆ سەیران دەچنە دەوروبەری گوندەکەیان، داری ئەو ناوچەیە بسووتێنن و ئاماژەی بەوەکرد، "چەندین جار خۆمان ژینگەی دەوروبەری گوندەکەمان لە پاشماوەی گەشتیارانان پاککردووەتەوە".