وەزیری کاروباری شەهیدان: لە بری زەوی یەکەی نیشتەجێبوون دەدرێتە کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی

K24 – هەولێر:
ئەمڕۆ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە هەولێری پایتەختەوە چەندین کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ هەریەک لە سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی لەبارەی چەندین تەوەری گرنگ ئەنجامدا.
لە میانەی بەشدارییان لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، دوای رێککەوتنی لایەنە عێراقییەکان و سەرکردایەتی سیاسی کورد بۆ پێکهێنانی کابینەکەی سوودانی، کە هەنگاوێکی گرنگ بوو، ئەم سەردانەی سەرۆک وەزیرانی عێراقی لێکەوتەوە.
وەزیری کاروباری شەهیدان هەروەها راشیگەیاند، گرنگی سەردانەکەی سوودانی بۆ هەولێر، ئەوەبوو، ناوەرۆکی رێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و کابینەکەی سوودانی جێبەجێکرا، هەروەها نیشاندانی نییەتپاکی و متمانە بوون لە نێوان هەردوولا بوو، کە تا ئێستا قۆناغی باشی بڕیووە.
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود هەروەها دەشڵێت: لە بەرامبەر واژووکردنی بڕیاری بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تیمی حکومەتەوە، دەستخۆشی لە سوودانی کرا.
هەروەها گوتی: "پرسی ناوچە کێشەلەسەرەکان، هێزە هاوبەشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال، پاراستنی سنوورەکان، رێگریکردن لە بە قاچاخهێنانی ماددەی ماوەبەسەرچوو بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق ، لەگەڵ سوودانی گفتووگۆیان لەبارەیەوە کرا".
وەزیری کاروباری شەهیدان گوتیشی: "ئەو کابینەی ئێستای حکوومەتی عێراق، لەگەڵ ئەوانەی پێشوودا زۆر جیاوازە، چونکە نیەتێکی باش هەیە لە لایەن سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراقەوە، هەوڵبدات ئەو پرسانەی رێککەوتنی لەسەر کراوە، جێبەجێیان بکات".
هەروەها دەڵێت: مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یاداشتێکی چەند خاڵەی بە سەرۆک وەزیران محەممەد شیاع سوودانی دا، ناوبراو لەسەر خاڵەکان وەستاو، بەڵێنیدا خاڵەکان لە چوارچێوەی دەستوور جێبەجێبکرێن.
لەبارەی پرسی واژووکردنی بڕیاری بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، وەزیری کاروباری شەهیدان دەڵێت، ئەمە هەنگاوێکی سەرەتایە، ئەوەی کە گرنگە لای هاووڵاتیانی هەڵهبجە، گەیاندنی خزمەتگوزارییە بۆیان.
سەبارەت بە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان عەبدوڵڵا حاجی مەحموود دەڵێت: یەکێک لەو پرسانەی کە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق گفتووگۆی لەبارەیەوە کرا، پرسی قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان بوو، بە یاداشتێک درایە سەرۆک وەزیران ، چاوەڕێین بەغدا جێبەجێیان بکات.
لە بارەی دابەشکردنی زەوی بۆ کەسوکاری شەهیدان، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود روونیکردەوە، بڕیارە با پێی یاسا لە بری پێدانی زەوی، یەکەی نیشتەجێبوون بدرێتە کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی، بۆ ئەمە لیژنە لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان دروستکراوە، لە داهاتوێکی نزیکدا ئەم پرسە دەبەینەوە لای سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی ئەو زەوییانەی کە فەرمانییان هەیە، لە بری یەکەی نیشتەجێبوونییان پێبدرێت.