فەرهاد عەلائەدین: سەرۆک وەزیرانی عێراق گوتی"نابێ شتێک بەناوی کێشەی هەڵپەسێردراو بمێنێت"
"دیدارەکانی محەممەد شیاع سوودانی لە هەولێر ئەرێنی بوون"

K24 – هەولێر
راوێژکارێکی محەممەد شیاع سوودانی باس لە کۆبوونەوەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان دەکات و ئاشکرای دەکات: سوودانی لە کۆبوونەوەکان گوتویەتی لەمەودوا نابێ شتێک بەناوی کێشەی هەڵپەسێردراو لەنێوان هەولێر و بەغدا بمێنێت.
فەرهاد عەلائەدین راوێژکاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لەمیانی حەوتەمین دیداری سلێمانی میوانی ستۆدیۆی کراوەی کوردستان24 بوو، لەبارەی سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان، گوتی: "دیدارەکان زۆر ئەرێنی بوون، دەتوانین بڵێین یەکەمجارە بەمشێوەیە گفتوگۆ لەنێوان شاندی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم و بەرپرسانی باڵای هەرێم بکرێت. سەرۆک وەزیرانی عێراق لەمیانی دیدارەکان گوتی: نامانەوێت لەمەودوا شتێک هەبێت کێشە هەڵپەسێردراوەکان، بەڵکو دەمانەوێت ببێتە پڕۆژە و چارەسەری بەردەوام، بۆ ئەوەی خزمەتی گەلی عێراق بکرێت لە هەموو بەشەکانی عێراق، دەرکەوتەکەشی لە پڕۆژەیاسای بودجەی دەرکەوت، هەموو لایەنەکان هاورابوون و بە رێککەوتنێکی زۆر باش بۆ هەرێم کە دەبێ لەمەودوا پشکی هەرێمی کوردستان دیاربکرێت و جێبەجێ بکرێت".
دەربارەی ئەوەی کە تاچەند لایەنەکان لە پەرلەمان لەسەر تێپەڕاندنی بودجە کۆک دەبن؟ ئەو راوێژکارەی محەممەد شیاع سوودانی، دەڵێت: "ئەو رێککەوتنە هی هاوپەیمانی بەڕێوەبەردنی دەوڵەتە، کە هەموو لایەنەکانی ناو ئەو هاوپەیمانیەتییە لە پەرلەمان بەشدارن، بۆیە ئەگەر ئەو رێککەوتنە لە پەرلەمان رەنگدانەوەی هەبێت وەکو جاران کێشە رووناداتەوە، پێشبینی دەکرێت بودجەکە وەکو خۆی یان بە دەستکارییەکی زۆر کەمەوە لە پەرلەمان تێپەرێنرێت".
ئاماژەی بەوەشدا: "ئەوەی کە ئێستا هەیە رێککەوتنی سیاسییە لە عێراق، دەتوانین بڵێین پەسندکردنی بودجەی 2023 دەبێتە یەکێک لە خاڵەکانی ئەو رێککەوتنە، لە هەمانکاتدا رێککەوتنێکی دیکە سیاسی هەیە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق، کە لەمەودوا بەشێوەیەکی تر بڕیار دەدات، رێککەوتنەکە بۆ دەرچوونی یاسایەکی تایبەتە بە دادگای فیدراڵی، هەر کاتێک یاسای نوێ دەرچوو بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بە جۆرێکی دیکە دەبێت و بەپێی یاسای نوێ بڕیار دەدات".