ماکرۆن یاسای چاکسازی تەمەنی خانەنشینی بەبێ دەنگدانی پەرلەمان پەسەند کرد

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەڕەنسا
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەڕەنسا

K24 - هەولێر:

حکوومەتی فەڕەنسا بە رەزامەندی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرکۆماری وڵاتەکە، رەشنووسی یاسای چاکسازی لە تەمەنی خانەنشینیدا پەسەند کرد، بەبێ ئەوەی رەشنووسی کۆتایی یاساکە بۆ دەنگدان ئاراستەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی فەڕەنسا (پەرلەمان) بکات.

کەناڵی تەلەڤیزیۆنی فەڕەنسا بڵاوی کردەوە، ئەلیزابێس بۆرن، سەرۆکوەزیرانی فەڕەنسا، لە گوتارێکدا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی بە پشتبەستن بە ماددەی 49.3 ی دەستوور کە رێگە بە حکومەت دەدات یاساکان بەبێ دەنگدانی پەرلەمان پەسەند بکات، پەسەندکردنی رەشنووسی یاسای چاکسازی تەمەنی خانەنشینی راگەیاند.

ئەم هەنگاوەی حکوومەتی فەڕەنسا دوای ئەوە دێت، ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنسا کە زۆرینەی له‌ راستڕەوەکانە لە دانیشتنێکدا کە کاتژمێرێک و 45 خولەکی خایاند، دەقی کۆتایی رەشنووسی یاسای چاکسازی لە سیستەمی خانەنشینی کە تەمەنی خانەنشینی لە 62 ساڵەوە بۆ 64 ساڵ بەرزدەکاتەوە پەسەندکرد.

دەقی رەشنووەکە بە 193 دەنگی بەڵێ لە بەرامبەر 114 دەنگی نەخێر پەسەند کرا.

Fly Erbil Advertisment