"مۆزەخانەی نیشتمانیی عێراق 100 هەزار شوێنەواری مێژوویی تێدایە"

مۆزەخانەی نیشتمانیی عێراق
مۆزەخانەی نیشتمانیی عێراق

K24 - هەولێر:

مۆزەخانەی نیشتمانیی عێراق بە هەزاران شوێنەوار لە خۆ دەگرێت، کە مێژووەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ شارستانییەتەکانی سەردەمە جیاوازەکان، له‌ ئێستادا هەوڵی وەرگرتنەوەی میراتی کولتووریی خۆی دەدات، کە لە سه‌رده‌می جه‌نگی ئه‌مه‌ریكا - عێراق لە مانگی ئاداری 2003دا، بردرابوون.

مۆزەخانەکە، دەکەوێتە ناوەندی شاری بەغدای پایتەخت و زیاتر لە 100 هەزار شوێنەواری مێژوویی تێدایە.

له‌مباره‌یه‌وه‌ ئەحمەد بەدرانی وەزیری رۆشنبیریی و گەشتوگوزار و شوێنەوارە مێژووییەکانی عێراق، رایگەیاند، توانیویانە تەنیا بەشێک لەو شوێنەوارانەی لە مۆزەخانەکەدا دزراون، بهێننەوە.

بە ئاماژەدان بەوەی کە بەشێک لەو شوێنەوارانەی لەو کاتەدا دزرابوون لە وڵاتانی جیاوازەوە گەڕێندراونەتەوە، بەدرانی گوتی: "توانراوە زیاتر لە 17 هەزار شوێنەوار لە ئەمه‌ریکاوە بهێنینەوە، هەروەها شوێنەوارمان لە لوبنان و میسرەوە هێناوەتەوە، جگە لەوەی پارچە شوێنەواری مێژوویی هەن، کە بۆ لێکۆڵینەوە بردراونەتە بەریتانیا، ئەوانیش دەهێنینەوە".

فەوزییە مەهدی شارەزا لە بواری شوێنەوارە مێژووییەکان و ئابووریی گەشتیاری، کە ساڵانێک لەو مۆزەخانەیەدا کاریکردووە، تاڵانکردن و لەناوبردنی شوێنەوارەکانی ناو مۆزەخانەکەی بە "تۆڵەسەندنەوەیەکی بە ئەنقەست" وەسفکرد.

فەوزییە مەهدی ئاماژەی بەوەدا، مۆزەخانەکە زیاتر لە 100 هەزار شوێنەواری مێژوویی تێدایە، تاڵانکردنی ئەو مۆزەخانەیە، پیلانێک بوو بۆ سڕینەوەی مێژووی شارستانییەت لە عێراق و گوتی: "ئەوەمان بۆ دەرکەوتووە، کە لە ناوەوە و دەرەوە رێکخراوی تاوانکاری دەستیان لەو کاولکارییەدا هەبووە".

مەهدی بە ئاماژەدان بەوەی کە سەربازە ئەمه‌ریکییەکان مۆزەخانەکەیان نەپاراستووە، گوتی: "سەربازانی ئەمه‌ریکا دەیانتوانی مۆزەخانەکە بپارێزن، هەروەک چۆن دامەزراوەی نەوتیان لە عێراق پاراست".

فەوزییە مەهدی ئاماژەی بەوەشدا، تێکدانی مۆزەخانەی مووسڵ-یش لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە کارێکی پلان بۆداڕێژراو بووە و ئەو شوێنەوارانەی عێراقیش کە دەکەونە ناوچەکانی دەرەوەی شار تا ئێستا رووبەڕووی تاڵانی و هەڵکەندنی نایاسایی دەبنەوە.

عەباس عابد مەندیل جێگری بەڕێوبەری گشتیی فەرمانگەی مۆزەخانەکانی عێراق، باسی لەوە کرد، لە کاتی ئازادکردنی عێراقدا، مۆزەخانەی نیشتمانیی رووبەڕووی "گەورەترین پەلامار و تاڵان"ی بووەوە.

سەرچاوە: AA

Fly Erbil Advertisment