دوو تەرمی دیکەی ئەو هێلیکۆپتەرانەی لە دهۆک کەوتنەخوارەوە دۆزرانەوە

بەشێک لە پاشماوەی یەکێک لە هێلیکۆپتەرەکان
بەشێک لە پاشماوەی یەکێک لە هێلیکۆپتەرەکان

K24 – دهۆک:

تەرمی دوو لە سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکان کە لە شاری دهۆک کەوتنەخوارەوە، لەلایەن هێزەکانی ئاسایش دۆزرانەوە.

دوای نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە (19ـی ئادار/مارسی 2023)، کاتژمێر (02.30) دوو تەرم لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی چەمانکێ دۆزرانەوە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە ناوچەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند، هێلیکۆپتەری دووەم کەوتووەتە شوێنێک کە دووربووە لە هەبوونی هێزی ئەمنی.

شەوی چوارشەممە، (15ی ئادار/مارسی 2023)، کاتژمێر 08:40، دوو هێلیکۆپتەر لە نزیک گوندی بێرکیات لە ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک کەوتنە خوارەوە و تەواوی سەرنشینەکانی گیانیان لەدەستدا.

هەروەها رۆژی هەینی (17ـی ئادار/مارسی 2023)، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) راگەیەندراوێکی لەبارەی ئەو رووداوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دوو هێلیکۆپتەریان بەهۆی نالەباری کەشوهەوا لە سنووری هەرێمی کوردستان کەوتوونەتە خوارەوە و لە ئەنجامدا نۆ چەکداری هێزەکانیان کە سەرنشینی ئەو دوو هێلیکۆپتەرەبوون، گیانیان لەدەستداوە.