زیلێنسکی: ئەم هەفتەیە بەشێک لە برینی ئۆکرانییەکان ساڕێژ بوو
K24 - هەولێر:
ڤۆلۆدیمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، رووسیا بەرپرسیارێتی هەموو ئەو تاوانانەی لەئەستۆ دەگرێت کە بەرامبەر خەڵکی ئۆکرانیا ئەنجامیداوە.
سەرۆکی ئۆکرانیا گوتیشی: بە دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا، ئەم هەفتەیە بەشێک لە برینی ئۆکرانییەکان ساڕێژ بوو.
زیلێنسکی راشیگەیاند: ئەمە گومانی تێدا نییە کە رووسیا لە کۆتاییدا بەرپرسیار دەبێت بەرامبەر هەموو ئەو کردارانەی کردوونی و پێویستە باجەکەی بدات.
سەرۆکی ئۆکرانیا داوای لە هەموو ئاژانس و رێکخراوەکان کرد هاوکاری وڵاتەکەی بکەن بۆ پاکردنەوەی ئەو ناوچانەی کە رووسیا مینڕێژی کردوون.
رۆژی (17ـی ئادار/مارسی 2023)، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بەتۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە ئۆکرانیا و گواستنەوەی ناچاری منداڵان لە ناوچە "داگیرکراوەکانی" ئۆکرانیاوە بۆ رووسیا، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا دەرکرد.