وەزارەتی دەرەوەی ئێران بۆ حکومەتی فەرەنسا: توندوتیژی دژی خۆپێشاندەران بەکارمەهێنن

K24 - هەولێر:
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە تویتێکدا پێشنیازی بۆ حکومەتی فەرەنسا کردووە، مافەکانی مرۆڤ وەک ئامرازێک بە سوودی خۆیان بەکارنەهێنن.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی ئاژانسی هەواڵی (ئیرنا)، ناسر کەنعانی لەو تویتەدا ئاماژەی بە نائارامییەکانی ئەمدواییەی فەرەنسا کردووە و رایگەیاند، بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن پۆلیسی فەرەنساوە دژبە ناڕەزایەتییەکانی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە جێگای قبوڵکردن نییە و نیشانەی پابەندبوونی حکومەتی فەرەنسایە بە بنەماکانی دیموکراسی و ئازادی رادەربڕین.
ناسر کەنعانی ئامۆژگاری حکومەتی فەرەنسای کرد، واز لە دوو هەڵوێستی بهێنێت و گوفتار و مامەڵەکانی یەکجۆر بێت و دوورکەوێتەوە لە توندوتیژی دژی خۆپێشاندەران.
The French police’s resort to violence against protests is indicative of 🇫🇷 government’s non-commitment to the principles of democracy & freedom of expression.
— Nasser Kanaani (@IRIMFA_SPOX) March 19, 2023
Advised to end dual behavior & instrumental use of #HumanRights. Stop resorting to violence in dealing with protesters. pic.twitter.com/Ajr6qxgrM0
ئەم لێدوانەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەکاتێکدایە کە زیاتر لە شەش مانگە مانگرتن و خۆپێشاندان لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامی هەیە، کە سەرەتا بە کوژرانی ژینا ئەمینی دەستیانپێکرد.
ژینا ئەمینی 22 ساڵ، رۆژی 13ـی ئەیلولی ئەمساڵ بەبیانووی رەچاونەکردنی باڵاپۆشی، لەلایەن پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتی ئێرانەوە دەستگیرکرا و دوای سێ رۆژ تەرمەکەی رادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە.
چالاکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ لە ئێران، رایانگەیاندووە، لەو ماوەی کەمتر لە سێ مانگدا زیاتر لە 500 خۆپێشاندەر لەو وڵاتە کوژراون، سەرووی 10 هەزار کەس برینداربوونە و نزیک بە 18 هەزار کەسیش گیراون.