قاسم ئەعرەجی: ھێشتا داعش ھەڕەشەیە بۆسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی

قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق

K24 - هەولێر:

قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق دووپاتی کردەوە، ھێشتا مەترسی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بەردەوامە و رایگەیاند، ھێشتا داعش ھەڕەشەیە بۆسەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی.

نووسینگەی راگەیاندنی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە قاسم ئەعرەجی پێشوازی کردووە لە کریستۆفەر چی کاڤۆلی، فەرماندەی باڵای ھێزەکانی ناتۆ لە ئەوروپا و شاندی یاوەری و کۆبوونەتەوە.

راشیگەیاندووە لە کۆبوونەوەکەدا جیۆڤانی ئیانۆچی، فەرماندەی نێردەی ناتۆ لە عێراق ئامادەی بوو، کار و ئەرکەکانی نێردەی ناتۆ لە عێراق خراوەتە بەرباس، گفتوگۆکراوە لەبارەی بەردەوامبوونی ھاریکارییەکانی نێردەی ناتۆ بە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق.

باسی لەوەش کردووە، لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، لێکەوتە و کاریگەرییەکانی جەنگی رووسیا- ئۆکرانیا لەسەر ناوچەکە و جیھان تاوتوێ کراوە و لەوبارەیەوە قاسم ئەعرەجی رایگەیاندووە کە بەردەوامی جەنگەکە کاریگەریی خراپی لەسەر قەیرانەکان لە زۆرێک لە وڵاتان دەبێت و جەختی کردووەتەوە کە گرنگە قەیرانە نێودەوڵەتییەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن.

قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، ئاماژەی بەوەیشداوە، عێراق لە بواره‌ ئەمنییەکاندا، سوود لە شارەزایانی ناتۆ دەبینێت و گوتوویەتی: "ھێشتا مەترسی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بەردەوامە و رایگەیاند کە ھێشتا داعش ھەڕەشەیە بۆسەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی".

قاسم ئەعرەجی جەختی کردووەتەوە لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و نێردەی ناتۆ لە بوارەکانی ھەواڵگریی و ئاسایشی ئەلیکترۆنییدا.

کریستۆفەر چی کاڤۆلی، لای خۆیەوە فەرماندەی باڵای ھێزەکانی ناتۆ لە ئەوروپا  رایگەیاندووە، ناتۆ لە بواری مەشق و راھێنان، ھەروەھا راوێژکردندا کار لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکانی عێراقدا دەکات و رایگەیاندووە نێردەی ناتۆ لە بواری ئاسایشی ئەلیتکرۆنییدا، مەشق و راھێنان بە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکات.

​​​​​​​لە راگەیەندراوکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، فەرماندەی باڵای ھێزەکانی ناتۆ لە ئەوروپا، بانگھێشنامەیەکی ئاراستەی قاسم ئەعرەجی کردووە کە سەردانی بارەگای ناتۆ لە بڕۆکسل بکات، ئەوەیش لە پێناو پتەوترکردنی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و ناتۆ.

Fly Erbil Advertisment