ئاڵای کوردستان لە بینگهامتۆنی ولایەتی نیویۆرک هەڵدرا

K24 - واشنتن:
ئەمساڵیش چالاکانی رەوەندی کوردستانی، لە شاری بینگهامتۆن سەر بە ویلایەتی نیویۆرک، بە هاوکاری و پاڵپشتی شارەداری شارەکە لە یادی نەورۆزدا ئاڵای کوردستانیان وێرای ئاڵاکانی ویلایەتەکە و ئەمەریکا لەبەردەم شارەداری شارەکەدا هەڵدا.
لەو یادەدا، جێرد کرام، سەرۆکی شارەوانی شارەکە گوتەکەی پێشکەشکرد و وێرای پیرۆزکردنی نەورۆز، لەسەر رۆڵی باشی رەوەندی کوردستانی شارەکە قسەی کرد و لەسەر پشتیوانی کوردستان پێداگری کردەوە.
دواتر نوێنەرانی رەوەندی کوردستانی بینگهامتۆن بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی یادی نەورۆز و هاتنی بەهاری کوردەواری بە هاوکاری شارەدار ئاڵای کوردستانیان لە نێو خۆشی و شادی و چەپڵە رێزاداندا هەڵدا.
رێدواز زێباری، چالاکڤانی کوردستانی لە بینگهامتۆن سەبارەت بەم هەنگاوە بە کوردستان24ی گوت: ''ئێمە وەکو رەوەندی کوردستانی، بە هاوکاری شارەداری شارەکە، وەکو رێزگرتن لە فرەیی شارەکەمان و بایەخدان بە کلتووری کوردەواری و بەرزراگرتنی بۆنەی نەورۆز وەکو چێژنەکی نەتەوەیی و هێمای زیندوومانەوەی خەباتی پێشمەرگە بۆ ئازادی، نزیک بە یەک دەیەیە کە وەکو نەریتێکی ساڵانە ئەو چالاکییە بەرێوەدەبەین و بەرنامەمان هەیە لە ساڵانی داهاتوودا بە شێوەیەکی بەرینتر و لە چوارچێوەی فێستیڤالێکدا ئەنجامی بدەین.''
شاری بیهنگامتۆن لە 3 کاتژمێری شاری نیویۆرک هەڵکەوتوەو کە پتر لە 200 ماڵباتی کوردی لێدەژین و زۆربەیان خەڵکی باشووری کوردستانن.


