ھەرێمی كوردستان و ئەمریكا پرۆتۆكۆڵی لێك تێگەیشتن واژوو دەكەن

K24 - ھەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی مەسعوود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و شاندێكی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا بە سەرپەرشتی بۆب وۆرک جێگری وەزیری بەرگری ئەمریكا و وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی كوردستان پرۆتۆكۆڵی لێك تێگەیشتن واژوو بكەن.

پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "بڕیارە نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی مەسعوود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان شاندێكی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا و وەزارەتی پێشمەرگە پرۆتۆكۆڵی لێك تێگەیشتن واژوو بكەن لەو پرۆتۆكۆڵەدا جەخت لەسەر دابەشكردنی ھاوكارییە سەربازیی و داراییەكانی پێشمەرگە و پەیوەندییەكانی ھەردوولا لە شەڕی دژی داعش دەكاتەوە".

بە گوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێرمان: "لەو پرۆتۆكۆڵەدا ھاتووە مووچەی مانگانەی زۆربەی ھێزەكانی پێشمەرگە لە لایەن ئەمریكا دابین دەكرێت و جگە لەوە چەك و پێداویستی سەربازیی زیاتر بۆ پێشمەرگە دابین دەكرێت".

پەیامنێرمان راشیگەیاند: "ئەو پرۆتۆكۆڵەی نێوان ئەمریكا و ھەرێمی كوردستان تا كۆتایی شەڕی داعش بەردەوام دەبێت و ئەمریكا ھەرێمی كوردستان و ھێزی پێشمەرگە وەك لایەنی سەرەكی لە شەڕی داعش ھەژمار دەكات".

ئەمە لە كاتێكدایە پێشتر لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لە نێوان مەسعوود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و ئاشتۆن كارتەر وەزیری بەرگری ئەمریكا باس لە ھەنگاوەكانی داھاتووی شەڕی داعش كراوە ھەروەھا كارتەر جەختی لە بەردەوامبوونی وڵاتەكەی كردبووەوە لە ھاوكاریكردنی ھێزی پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی داعش.