پەنابەرێکی سووری بە تۆمەتی سەربڕینی مەڕێک دادگایی دەکرێت

K24 - هەولێر:

پەنابەرێکی سووری لە نەمسا بەتۆمەتی "بەهەڵە سەربڕینی مەڕێک" دادگایی دەکرێت و دەڵێت، نەیزانیوە لەو وڵاتە یاسایەکی تایبەت بە سەربڕینی ئاژەڵان هەیە.

لە وڵاتی نەمسا یاسایەکی تایبەت بە سەربڕینی ئاژەڵان هەیە و پێویستە پێش ئەوەی سەرببڕدرێن، بێهۆش بکرێن.

رۆژی پێنجشەممە (25ـی ئادار/مارسی 2023)، پەنابەرێکی سووری لە نەمسا بەتۆمەتی ئەشکەنجەدان و سەربڕینی مەڕێك "بەشێوەیەکی هەڵە" لە دادگایەکی ئەو وڵاتە دادگایی کرا و دادوەرەکە پێی گوت، "ئەو شێوازە سەربڕینەی کە بەکارتهێناوە دروست نییە و لەگەڵ یاساکانی وڵاتەکامان ناگونجێت. لە وڵاتەکەمان پێش ئەوەی سەری مەڕ ببڕدرێت، دەبێت بێهۆش بکرێت". دادوەرەکە ئاماژەی بەوەشکرد، "دەبوایە لەگەڵ کڕینی مەڕەکە پرسیارت کردبا، لە نەمسا چۆن ئاژەڵ سەردەبڕدێت؟".

پەنابەرە سوورییەکە، کە لەگەڵ خێزانەکەی لە شاری لوتزمانسبورگ دەژیت، لەمیانی دادگاییکردنەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد، هەشت مانگ پێش ئێستا ئەو مەڕەی کڕیوە و لەسەر داب و نەریتی باب و باپیرانی سەرەکەی بڕیوە و نەیزانیوە لە نەمسا یاسایەکی تایبەت بە سەربڕینی ئاژەڵان هەیە.

لەبارەی هۆکاری فڕێدانی پاشمەوەی ئەو مەڕە لە نزیک باخچەیەکی ساوایان، کە دواتر بەوهۆیەوە لەلایەن ئافرەتێکەوە سکاڵای لەسەر تۆمارکرا، ئەو پەنابەرە سوورییە گوتی، بەبێ مەبەست پاشماوەکانی لە نزیک باخچەیەکی ساوایان فڕێداوە.

دادگا بڕیاری ئازادکردنی ئەو پەباپەرەی دەرکرد و بڕیاریدا بۆ ماوەی دوو ساڵ بخرێتە ژێر چاودێرییەوە، ئەویش لەوبارەوە گوتی: بڕیارم داوە لەمەو بەدوا واز لە خواردنی گۆشت بهێنم و ببمە کەسێکی رووەک خۆر. ئەو هەڵەیەش دووبارە ناکەمەوە و لەمەو بەدوا بەگوێرەی یاساکانی ئەم وڵاتە ئاژەڵ سەر دەبڕم.

Fly Erbil Advertisment