رووماڵ

ئاراستەی دابەشبوونی لایەنەکان ئاماژەیە بۆ بانگەشەیەکی گەرم لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا

لایەنەکانی تورکیا
لایەنەکانی تورکیا

K24 – هەولێر:

تاوەکو ئێستا چوار کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیا یەکلایی بووەتەوە بۆ هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایار و هێز و لایەنە سیاسییەکانی دیکەش سەرقاڵی هاوپەیمانییەتی و ئاشکراکردنی هەڵوێستی خۆیانن، بۆ پاڵپشتیکردن لە یەکێک لە کاندیدە پەسەندکراوەکان.

هەرچەندە تاوەکو ئێستا بە فەرمی هەدەپە، کە لەژێر ناوی پارتی چەپی سەوز بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی تورکیا دەکات، بەهۆی مەترسی داخستنی ئەو پارتە کە ئێستا دۆسیەکە لە دادگای دەستووری تورکیایەوە و وابڕیارە لە مانگی نیسانی داهاتوو یەکلایی بکرێتەوە، هەڵوێستی فەرمی خۆیان لە پاڵپشتیکردنی کاندیدەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ئاشکرانەکردووە، بەڵام یەکلایی بووەتەوە کە کاندیدیان بۆ ئەو پۆستە نابێت.

لەلایەکی دیکەوە، ئاکپارتی کە سەرۆکایەتی هاوپەیمانی کۆمار دەکات و جگەلە مەهەپە، کە هاوپەیمانی ئێستایەتی لە پێکهێنانی حکومەت، هەوڵی بەدەستهێنانی پشتیوانی هێز و لایەنە سیاسییەکانی دەرەوەی هاوپەیمانی میللـەتی رکابەری دەدات، بەتایبەتی ئەو پارتە سیاسی و کەسایەتییانەی پاشخانێکی ئایینییان هەیە، هەروەها ئەو کەسایەتی و هێزانەشی دەتوانن ئەو دەنگانەی کورد بەدەستدەهێنن کە بۆ هەدەپە ناچێت.

ئەردۆغان لەدوایە بەڵام ئاکپارتی پێشەنگە

بەگوێرەی نوێترین راپرسی جەماوەری کە پێگەی (ئەنکێتلەر و راپۆرلەر) بڵاویکردووەتەوە، لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، کەمال کڵچدارئۆغڵو، کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت لە پێشوەی کاندیدەکانی دیکەی پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا دێت و بەجیاوازییەکی بەرچاو لەپێش ئەردۆغانەوە دێت.

بەگوێرەی ئەو راپرسییە، کڵچدارئۆغڵو رێژەی (53.5٪)ـی دەنگەکان لە هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایار بەدەستدەهێنێت و ئەردۆغانیش رێژەی (39.7)ـی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت، و دەنگەکانی دیکەش بەسەر کاندیدەکانی دیکەدا دابەش دەبن.

هەر بەگوێرەی راپرسییەکە، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا، ئاکپارتی دەنگی یەکەمی پەرلەمانی داهاتووی تورکیا دەبێت بە رێژەی (31.1٪)، لەدوای ئەویش جەهەپە دەبێت بە (27.9)ـی دەنگەکان و ئیی پارتیش (12.3٪) و هەدەپەش (11.6٪)ـی دەنگەکان بەدەستدەهێنن.

 سینان ئۆغان دەبێتە چوارەم کاندید بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی

هاوپەیمانی ئاتا، کە سینان ئۆغان، سەرۆکی پارتی زەفەری کاندید کردبوو بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا، توانی 100 هەزار واژوو کۆبکاتەوە و ببێتە چوارەم کاندید لە هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایاری داهاتوو.

ئیرێن کۆرکماز، جێگری سەرۆکی پارتی زەفەری تورکیا ئاشکرایکردووە، هاوپەیمانییەتی ئاتا بۆ کاندیدکردنی سینان ئۆغان، توانیویەتی 100 واژوو کۆبکاتەوە وەک مەرجێک بۆ پەسەندکردنی لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیاوە.

کاندیدبوونی ئەردۆغان و کڵچدارئۆغڵو پەسەندکرا

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا پەسەندکردنی کاندیدبوونی هەریەکە لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار بەسەرۆکایەتی ئاکپارتی و کەمال کڵچدارئۆغڵو، کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت کە نوێنەرایەتی شەش لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکە دەکات، ئاشکراکرد.

لە راگەیەندراوێکدا، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بڵاویکردەوە، بەگوێرەی رێکارەکانی هەڵبژاردن و پێشکەشکردنی کاندید بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار لەلایەن پارتە سیاسییەکان، کە ئەو پرۆسەیە لە رۆژی 23ـی ئادار کۆتایی هات،کاندیدبوونی هەریەکە لە ئەردۆغان و کڵچدارئۆغڵو پەسەندکراوە.

بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، هەر پارتێکی سیاسی کە خاوەنی فراکسیۆن بێت لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە دەتوانێت کاندیدێک پێشکەش بکات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا و  بە پێچەوانەوە، هەر لایەن و کەسێک بۆ دەستنیشانکردنی کاندید بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا، پێویستە 100 هەزار واژوو کۆبکاتەوە.

موحەڕەم ئینجە 100 هەزار واژووی بۆ کاندیدبوون کۆکردەوە

بەگوێرەی زانیارییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، موحەڕەم ئینجە، سەرۆکی پارتی مەملەکەت کە پێشتر ئامادەیی خۆی بۆ کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا لە هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایار دەربڕیبوو، دوای تەنیا چوار رۆژ لە کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن توانی 100 هەزار واژوو کۆبکاتەوە.

ئینجە، لەدوای رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار و کەمال كڵچدارئۆغڵو، کاندیدی هاوپەیمانی میللەت دەبێتە سێیەم کاندیدی فەرمی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی تورکیا لە 14ـی ئایار.

لەوبارەیەوە موحەڕەم ئینجە، لە تویتێکدا سوپاسی هەموو ئەوانەی کرد کە واژوویان کردووە و داوای لە لایەنگرانیشی کرد تا رۆژی دووشەممە لە هەوڵەکانیان بۆ کۆکردنەوەی واژوو بەردەوام بن.

هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایار خاڵی وەچەرخانی مێژوویی دەبێت بۆ تورکیا

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایار خاڵی وەچەرخانی مێژوویی دەبێت و رایگەیاند. تورکیا لە لێواری تاقیکردنەوەیەکی نوێدایە لەبەرئەوەی "سەرجەم لایەنە خراپەکارەکان" ئاراستەی خۆیان بۆ تورکیا گۆڕیوە.

هەروەها سەرۆک کۆماری تورکیا هاوپەیمانی میللـەتی تۆمەتبارکرد بە نزیکبوونەوە لە پەکەکە و گوتی، "هاوپەیمانی میللەت لەگەڵ پەکەکە دەست لەناو دەستن و دەپرسم ئایا چ دەستکەوتێکیان بۆ وڵاتەکەمان دەبێت؟ باوەڕم وایە گەلەکەمان بە تێگەیشتنی خۆی لە 14 ئایار ئەم بابەتە یەکلایی دەکاتەوە".

فاتح ئەربەکان چووە پاڵ ئەردۆغان

فاتح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی یەنیدان رەفەح رۆژی (25ـی ئادار/مارسی 2023) ئاشکرایکرد، "ئەمڕۆ لە کولییە لەگەڵ سەرۆک کۆمار کۆبووینەوە و گەیشتینە رێککەوتن. بلۆکی بەرامبەر کە هاوپەیمانی گەلە بلۆکێکە ناتوانێت لە رووی ئامانج و پڕۆژەکانییەوە سوود بۆ وڵاتەکەمان بهێنێت"

ئەربەکان بە دەربڕینی ئەوەی کە کۆتایی بە پرۆسەی کاندیدکردنی بۆ سەرۆکایەتی کۆمار هێناوە، گوتی، "هەفتەی داهاتوو سەرۆک کۆمار لە رۆژی سێشەممە یان چوارشەممە سەردانی بارەگاکەمان دەکات. ئێمە پرۆسەی کاندیدبوونمان بۆ سەرۆکایەتی کۆمار کۆتایی پێهێنا. سوپاسی سەرجەم ئەندامانی رێکخراوەکەمان و هاووڵاتییان دەکەین کە واژۆیان کۆکردەوە".

هەدەپە کۆتایی ئەم مانگە بانگەشە دەستپێدەکات

بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی چەپی سەوز و هەدەپە لە 30ـی ئەم مانگە دەستپێدەکات و بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا وابڕیارە لەرێگەی راگەیەندراوێکدا بەرنامەی هەڵبژاردن و دەستپێکی بانگەشە بۆ هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایار رابگەیەنێت.

بۆ ئامادەکاریش بۆ ئەو رێورەسمە، هاوسەرۆکانی هەردوو پارتی چەپی سەوز و هەدەپە بەمەبەستی ئامادەبوونیان لە راگەیاندنی بەیاننامەی هەڵبژاردن، داوەتنامەیان ئاراستەی پارتە سیاسییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پیشەوەران کردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، هەدەپە بانگەشەی هەڵبژاردن لە ئەنقەرەوە دەستپێدەکات و لە رێورەسمی دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردن کارنامە، دروشم و سروودەکانی تایبەت بە هەڵبژاردن ئاشکرادەکەن.

هوداپار لیستی سەربەخۆشی نابێت

دوای ئەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا پشتیوانی خۆیان بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان دووپاتکردەوە، رۆژی هەینی (24ـی ئادار/مارسی 2023)، هوداپار رایگەیاند، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانیش لیستی خۆیان نابێت و لەسەر لیستی ئاکپارتی چەند کاندیدێکیان دەبێت.

زەکەریا یاپیجزۆغڵو، سەرۆکی هوداپار ئاشکرایکرد، ئەگەر بە ناو و لۆگۆی پارتەکەیانەوە بەشداری هەڵبژاردن بکەن، ئەنجامەکەی بەو شێوەیە نابێت کە چاوەڕێی دەکەین، بۆیە بەشێک لە هاوڕێکانی خۆیان لەسەر لیستی ئاکپارتی کاندید دەکەن و لەگەڵ ئاکپارتی پێکەوە بەشداری هەڵبژاردن دەکەن.

پارتێکی دیکە پشتیوانی لە کڵچدارئۆغڵو دەکات

پارتی دۆڕوو کە پێشتر دژایەتی خۆی بۆ کاندیدکردنەوەی ئەردۆغان دەربڕی بوو، بە فەرمی پاڵشتیکردنی لە کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا راگەیاند.

رۆژی (24ـی ئادار/مارسی 2023)، رفعەت سەردارئۆغڵو، سەرۆکی پارتی دۆڕوو سەردانی بارەگای جەهەپەی کرد و لەگەڵ کەمال کڵچدارئۆغڵو بۆ ماوەی 45 خولەک کۆبوونەوە و دواتریش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا هەڵوێستی پارتەکەی بۆ پشتیوانیکردن لە کڵچدارئۆغڵو راگەیاند.

پارتی دۆڕوو پێشتر داوای لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا کربوو، کاندیدکردنەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیا رەتبکاتەوە، لەبەرئەوەی پێچەوانەی دەستوورە.

مەهەپە بەرگری لە هوداپار دەکات

سەرۆکی مەهەپە رایگەیاند، هوداپار هیچ پەیوەندییەکی بە تیرۆرەوە نییە و ئەو تۆمەتانەی جەهەپە و ئیی پارتی لە بەرامبەر هوداپار بۆ شاردنەوەی هاوپەیمانییەتی خۆیان لەگەڵ پەکەکە و گوڵەنییەکان گەڕاندەوە.

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کە یەکێکە لە لایەنەکانی ناو هاوپەیمانی کۆمار بە سەرۆکایەتی ئاکپارتی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رەتیکردەوە، هوداپار هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ رێکخستنەکانی حزبوڵڵا هەبێت، ئەمەش دوای ئەوەهات، کە هوداپار پاڵپشتی خۆیان بۆ کاندیدکردنی ئەردۆغان راگەیاند و بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیاش لەسەر لیستی ئاکپارتی، کاندیدەکانی خۆیان بۆ پەرلەمانی تورکیا بەشداری دەکەن.

پێشتر هەریەکە لە ئەردۆغان و باخچەلی لەبەرامبەر نزیکبوونەوەی هەدەپە و هاوپەیمانی میللـەت، ئەو هاوپەیمانییەتەیان بە پشتیوانی تیرۆر وەسفکرد و هەدەپەیان بە باڵی سیاسی پەکەکە لە قەڵەمدا و لە بەرامبەر ئەو تۆمەتانەش جەهەپە و ئیی پارتی، کە دوو لایەنی سەرەکی سەر مێزی شەش قۆڵیین، هوداپاریان بە تیرۆر تۆمەتبارکردبوو.

هەروەها باخچەلی، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر هەدەپەش بەشێوەیەکی روون هێرشە تیرۆریستییەکانی پەکەکە شەرمەزار بکەن و خۆی لە پەکەکە دوور بخاتەوە، بێگومان ئاساییە هاوپەیمانی لەگەڵ کڵچدارئۆغڵو پێکبهێنێت، هەروەک چۆن هوداپار بە روونی ئەوەی خستۆتەڕوو کە ئەوان هیچ پەیوەندییەکیان بە تیرۆر و رێکخستنی حزبوڵڵاوە نییە.

14ـی ئایار هەڵبژاردنە لە تورکیا

رۆژی هه‌ینی (10ـی ئادار/مارسی 2023)، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا له‌ كۆشكی كۆماری له‌ ئه‌نقه‌ره‌، واژووی له‌سه‌ر مه‌رسومی كۆماری بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌ رۆژی (14ـی ئایار/مایۆی 2023) كرد.

وابڕیار بوو رۆژی 18ـی حوزه‌یران/یۆنیۆی 2023، هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ توركیا ئه‌نجامبدرێن، سه‌باره‌ت به‌ گۆڕینی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش، ئه‌ردۆغان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد‌، ئه‌مه‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ نییه‌، به‌ڵكو ته‌نیا گۆڕینی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌ و هۆكاره‌كه‌شی بۆ له‌به‌رچاوگرتنی واده‌ی تاقیكردنه‌وه‌كان له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندنی وڵاته‌كه‌ی گه‌ڕانده‌وه‌.