وەزیری وزە و بازرگانی سوید بۆ کوردستان24: ئه‌م زستانه‌مان بەسەرکەوتوویی تێپەڕاند

ئێما بووش، وەزیری وزە و بازرگانی سوید
ئێما بووش، وەزیری وزە و بازرگانی سوید

K24 – بەلجیکا:

وەزیری وزە و بازرگانی سوید رایگەیاند، ئاستی ئەو غازەی لە کۆگانیان ماوە ئاماژەیەکی باشە بۆ ئەوەی کە زستانیان بەسەرکەوتوویی تێپەڕاندووە و پێویستە ئامادەکاری بۆ زستانی داهاتوو بکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە (28ـی ئادار/مارسی 2023)، ئێما بووش، وەزیری وزە و بازرگانی سوید بە کوردستان24ـی راگەیاند، پێویستە هەنگاوەکانیان بەردوامبێت بۆ کەمکردنەوەی پشت بەستن بە سوتەمەنییە بە بەردبووەکان، وەک ئاماژەیەک بۆ بەکارهێنانی وزەی جێگرەوە لە ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان لە ئەوروپا.

ئێما بووش گوتیشی، "ئەوەی ئەمڕۆ دەدرێت بڕیارێکی زۆر گرنگە کە پەیوەستە بەردەوامیدان بە کەمکردنەوەی داوا لەسەر بەکارهێنانی غاز، ئەو ئاستەی لە عەمبارەکانی غازمان هەیە بەتایبەت لەگەڵ تێپەڕاندنی وەرزی زستان ئاماژەیەکی باشە کە ئێمە  پێگەمان لە زستانی داهاتوودا بەهێزترە".

هەروەها وەزیری وزە و بازرگانی سوید ئاماژەی بەوەشکرد، بوونی ئەو بڕە غازەی ئێستا لە کۆگانیان ماوە، مانای ئەوە نییە کە لەو قەیرانە رزگاریان بووە، بەڵکو دەبێت ئامادەکاریی بۆ زستانی داهاتوو بکەن و زیاتر گوتی، "پێویستە جوڵەکانمان بەردەوامبکەین بۆ کەمکردنەوەی پشت بەستن بە سوتەمەنییە بە بەردبووەکان".

لەبارەی دابینکردنی سەرچاوەی نوێ بۆ وزە، ئێما بووش گوتی، "پێموایە گۆڕینی رووسیا بۆ وڵاتانی دیکە بۆ دەستکەوتنی وزە لەماوەیەکی دووری داهاتوودا کارێکی هەڵەیە و کاریگەری نەرێنی دەبێت".

Fly Erbil Advertisment