فۆربێس: هەرێمی کوردستان ئەگەر سیستەمی دژە مووشەکیشی هەبێت نابێتە هەڕەشە بۆ هیچ لایەنێک

K24 - هەولێر:
گۆڤاری فۆربێس بڵاویکردەوە، سەرەڕای ئەوەی هەرێمی کوردستان هاوپەیمانی ئەمەریکایە و رووبەڕووی ئاڵنگاری و هەڕەشەی جۆراوجۆری ئەمنی دەبێتەوە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بنەڕتیترین هێزی ئاسمانی نییە.
پۆڵ ئیدۆن، رۆژنامەنووس و ستوونووس لە بواری سیاسی و مێژوویی تایبەت بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە راپۆرتێکیدا کە گۆڤاری فۆربێسی ئەمەریکی بڵاویکردووەتەوە، باسی لەوەکردووە، دابینکردنی چەند سیستەمێکی (C-RAM) بۆ هەرێمی کوردستان، ئەو تواناییە دەداتە هەولێر کە رووبەڕووی هێرشی درۆنی و مووشەکی ببێتەوە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، جگە لە سیستەمی C-RAM، پێدانی تانکی (دژە فڕۆکەی خۆکارانەی گێپاردی)ـی ئەڵمانی بە هەولێر، کاریگەری گەورەی دەبێت لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو درۆنەدا کە لەمساڵانەی دواییدا دژی هەرێمی کوردستان بەکارهاتوون.
تانکی (دژە فڕۆکەی خۆکارانەی گێپاردی)ـی ئەڵمانی لە جەنگی ئۆکرانیادا بۆ خستنەخوارەوەی درۆنە ئێرانییەکان بەکارهاتووە.

ئەو رۆژنامەنووسە ئاماژەی بەوەشداوە، لەگەڵ دابینکردنی سیستەمی دژە-مووشەک بۆ هەرێمی کوردستان، ئەگەر چەند هێلیکۆپتەرێکی جۆری AH-6 بدرێتێ، لە شەڕی دژی داعش و هێزەکانی هاوشێوەی، دەتوانێت پشتیوانی ئاسمانی هێزەکانی پێشمەرگە بکات.
هێلیکۆپتەری AH-6، هێلیکۆپتەرێكی شەڕکەرە و ئاستی سەرەتاییە و نرخی هەر دانەیەکی نزیکەی دوو ملیۆن دۆلارە.

لە راپۆرتەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، کە هەرێمی کوردستان ئەگەر هێلیکۆپتەری شەڕکەری ئاست سەرەتایی و چەند سیستەمێکی بەرگری ئاسمانی هەبێت، نابێتە هەڕەشە بۆ سەر هیچ لایەنێک، بەڵام کاریگەری بەرچاوی دەبێت لە باشترکردنی توانای هێزەکانی پێشمەرگە بۆ بەرگریکردن لە ناوچەکەیان.