هێڤیدار ئەحمەد: ملیۆنێک و 200 هەزار کەس لە بەغدا لەژێر هێلی هەژاریدان

K24 - هەولێر:

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، بەگوێرە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، عێراق لە دەرەوەی پێوەرەکانی بۆ رێژەی نەخوێندەواری و هەژاری، گوتی، بەپێی ئەو ئامارانەی بەردەستە، "عێراق هی ئەوە نییە کە خەڵکێک لە هەرێمی کوردستان خەونی پێوەدەبینن". 

‌هێڤیدار ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کاتژمێر هەشتی کوردستان24، روونیکردەوە، 11 ملیۆن نەخوێندەوار لە عێراقدا هەن و عێراق لە دەرەوەی هەڵسەنگاندنی داڤۆسە بۆ رێژەی خوێندەواری لەکۆی 140 وڵاتی جیهان.

ئەو پەرلەمانتارەی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رێژەی نەخوێندەواری لەنێوان (13% - 18%)ـدایە بەڵام ئامارەکانی یونیسێف دەڵێن رێژەی نەخوێندەواری لە عێراقدا گەیشتووەتە 47%.

لە بەشێکی دیکەی خستنەڕووی ئامارەکاندا، هێڤیدار ئەحمەد گوتی، بەپێی ئامارە فەرمییەکان کە یونسکۆ و لایەنەکانی دیکە بڵاویانکردووەتەوە، لە هەر پێنج منداڵ لە عێراقدا، سێ منداڵ ئاوی پاکیان نییە بۆ خواردنەوە.

لەبارەی ئاستی عێراق لەرووی گەندەڵییەوە، هێڤیدار ئەحمەد، باسی لەوەکرد، به‌گوێره‌ی ئامارێكی رێكخراوی شه‌فافیه‌تی نێوده‌وڵه‌تیش لەکۆی 180 وڵات، عێراق لە ریزبەندی 152ـەمین گەندەڵترین وڵاتی جیهانە.

هەروەها هێڤیدار ئەحمەد روونیکردەوە، لە دەرەوەی حاڵەتی شەڕکردن، رێژەی کوشتن لە عێراقدا لە بەرزبوونەوەدایە و ساڵی رابردوو پێنج هەزار و 300 کەس کوژراون، لە کاتێکدا لەچاو رێژەی ژمارەی دانیشتووان، ئەم رێژەیە یەکێکە لە بەرزترین رێژەی کوشتن لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشکرد، رێژەی هەژاری بەشێوەیەکی بەرچاو لە عێراقدا بەرزبووەتەوە بەجۆرێک تەنیا لە شاری بەغدا، ملیۆنێک و 200 هەزار کەس لەژێر هێلی هەژاریدان و بەبێ نانخواردن شەو دەکەنەوە.

هێڤیدار ئەحمەد ئاشکراشیکرد، داهاتی عێراق لە 20 ساڵی رابردوودا، زیاتر لە ترلیۆنێک و 400 ملیار دۆلار بووە کەچی ئێستا ئاساشی خۆراک لەم وڵاتە لە مەترسیدایە و یەکێکە لە پێنج وڵاتە مەترسیدارەکانی جیهان کە هەڕەشەی لەناوچوونی لەسەرە بەهۆی کەمی ئاو و وشکەساڵییەوە.

زیاتر گوتی، لە ساڵی 2003 تاکوو ساڵی 2022 زیاتر لە ترلیۆنەک و چوارسەد ملیۆن دۆلار هاتووەتە عێراق بووەتە بودجە و لەناو پەڕلەمانی عێراق پەسەندکراوە و داهاتی هەبووە ، کەچی ئەمە رەوشی ئێستای عێراقە. وە %70 زەوی کشتووکاڵی خۆی لەدەستداوە و هەموو ساڵێک 100 هەزار دۆنم زەوی عێراق دەبێت بە بیابان، ئاسایشی خۆراکی عێراق کەوتووەتە مەترسیەکی گەورەوە کە هەرگیز ناتوانێت بەروبووم بۆ پێداویستی ناوخۆیی بەرهەمبێنێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، هێڤیدار ئەحمەد روونیکردەوە، بوونی دەستووری هەمیشەیی سالی 2005ی عێراق، یەکێکە لە کارتە باشەکان بۆ هەرێمی کوردستان کە خەڵکی کوردستان دەنگی پێداوە، لە چەندین بریاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وەکو دوو جەمسەر داوا لە هەولێر و بەغدا دەکات لە رێگەی دیالۆگەوە بگەنە چارەسەر و رێکبکەون. هەروەها راشیگەیاند، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەولەتی داوای لە عێراق نەکردووە کە خۆی لەسەر هەرێمی کوردستان بسەپێنێت ئەمە ماددەیەکی یاساییه‌ و هێزی داوەتە هەرێمی کوردستان. هەروەها لەمادەی 121 دا هاتووه‌ کە هەرێمی کوردستان خۆی تایبەتمەندە بە ئیدارەدانی كاروباره‌كانی خۆی.

 

Fly Erbil Advertisment