لە هەڵوێستێکی چاوەڕواننەکراودا ئەمەریکا پشتگیری لە خۆپیشاندانەکانی فەرەنسا دەکات

خۆپیشاندانەکانی فەرەنسا
خۆپیشاندانەکانی فەرەنسا

K24 – هەولێر:

ماوەی نزیکەی دوو هەفتەیە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی دژی چاکسازی لە سیستمی خانەنشینیدا سەرتاسەری فەرەنسای گرتووەتەوە، هاوکات کۆشکی سپی پشتیوانی ئەمەریکای بۆ مافی هەر جۆرە خۆپیشاندانێکی ئاشتییانە لە سەرتاسەری جیهان راگەیاند.

لەمبارەیەوە جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: پشتگیری مافی خەڵک دەکەین لە ناڕەزایەتییەکان و خۆپیشاندانی ئاشتییانە و دەربڕینی بۆچوونەکانیان لە هەر شوێنکی جیهاندا.

خۆپیشاندانەکانی فەرەنسا دژی یاسای نوێی خانەنشینی بە بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە 62 ساڵی بۆ 64 ساڵی لە شار و ناوچەکانی ئەو وڵاتە تا دێ بەرفراوانتر دەبن و هێزە ئەمنییەکانیش هۆشدارییان داوە لە دروستبوونی توندوتیژی.

ئەم هەڵوێستەی ئەمەریکا لەبارەی خۆپیشاندانەکانی فەرەنسا لەلایەن ناوەندە سیاسییەکان بە چاوەڕواننەکراو دادەنرێت، کە لە زۆربەی رووداوە ناوخۆییەکانی وڵاتە زلهێزەکان، کەمترین هەڵوێست بەپێچەوانەی ئاراستەی سیاسەتی ئەو وڵاتانە لەلایەن ئەمەریکاوە خراوەتەڕوو.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل لەبارەی پێشنیازەکانی کابینەکەی نەتانیاهو بۆ گۆڕانکاری لە سیستمی دادوەری، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا نیگەرانی خۆی نیشاندا و داوای لە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کرد دەستهەڵگرێت لەو گۆڕانکارییانە.  

Fly Erbil Advertisment