باڵیۆزی دانیمارک لە ئەنقەرە بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە کرا

ئاڵای تورکیا و دانیمارک
ئاڵای تورکیا و دانیمارک

K24 - هەولێر:

دانی ئانان، باڵیۆزی دانیمارک لە ئەنقەرە،  بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە کرا و پێی راگەیەندرا، "تورکیا بە توندترین شێوە سەرکۆنەی سووتاندنی قورئان لەو وڵاتە  و سووتاندنی ئاڵاکەی دەکات".

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: "بە توندترین شێوە ئیدانەی دانیمارک دەکەین کە لە 24ی ئاداردا رێگەی بە ئەنجامدانی تاوانی رق و کینە دا بەرامبەر بە کتێبی پیرۆزمان، قورئان و ئاڵای شکۆمەندمان. ئەمڕۆ دووبارە رێگە بە ئەنجامدانی هەمان تاوان درا لە دانیمارک. دووپاتی دەکەینەوە کە بە هیچ شێوەیەک قبووڵی ناکەین کە ئەم کارە چەوتە لەژێر ناوی ئازادی رادەربڕین بە رەوا ببینرێت"

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیادا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ناتەواوی رێوشوێنە یاسایی و کارگێڕییەکان بۆ رێگریکردن لەو جۆرە کارانە، نەبوونی ئیرادەی سیاسی و سزانەدانی تاوانباران، هاندەرە بۆ دووبارە بوونەوەی کردەوەی لەو شێوەیە.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەم کارە بەڵگەیەکی روونە لەسەر ئەوەی کە لەم دواییانەدا لە ئەوروپا دژایەتیکردنی ئیسلام و بێگانەپەرستی و پشتگوێخستن و رەگەزپەرستی پەرەی سەندووە. ئەم جۆرە کردەوانە کە تاوانی رق و کینەیە، دەچێتە خانەی هێرشکردنە سەر هەموو ئەو کەسانەی کە باوەڕیان بە لێبوردەیی و کولتووری پێکەوەژیانی ئاشتیانە و بەهاکانی دیموکراسی هەیە. تێبینی نەکردنی ئەمە و ملکەچ بوون بۆ ئەو جۆرە کردەوانە گەمژەیییەکی گەورەیە.

ئاماژە بەوەشکراوە: باڵیۆزی دانیمارک (لە ئەنقەرە) (دانی ئانان) کە بانگهێشتی وەزارەتەکەمانمان کرد پێمان راگەیەند، بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە دەکەین و داوا لە دەسەڵاتدارانی دانیمارک دەکەین کە رێوشوێنی پێویست لە دژی ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە بگرنەبەر و رێوشوێنی کاریگەر بگرنەبەر بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی".

Fly Erbil Advertisment