باڵیۆزی ئێران لە عێراق: ئێران خۆی بەدەست کێشەی کەم ئاوی دەناڵێنێت

K24 - هەولێر

باڵیۆزی ئێران لە عێراق رایگەیاند: ئێران خۆی بەدەست کێشەی کەم ئاوی دەناڵێنێت، ئەوەی روودەدات قەیرانی ئاوی ناوچەییە.

محەممەد کازم،  باڵیۆزی ئێران لە عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: بەپێی ئامارەکانی بەرپرسانی عێراقی لە %80ی ئاوی عێراق لە باکوورەوە دێت، هەروەها لە %8ی تاوەکو 10 لە ئێرانەوە دێت.

جەختیشیکردەوە، لەراستیدا قەیرانی ئاو لە ناوچەکەدا هەیە.

باڵیۆزی ئێران، ئاماژەی بەوەشکرد: ئێران بەدەست کەمی ئاوەوە دەناڵێنێت، بۆ نموونە، رووبارێک هەیە بە ناو شاری ئەسفەهان دا تێدەپەڕێت بە تەواوی وشک بووە، جووتیارەکان خۆپیشاندان دەکەن و داوای ئاو دەکەن، جگە لەوەش ئاژەڵەکانی ناوچەی باشوور لە تینوێتیان دەمرن.

سەبارەت بە سوودە داراییەکانی کڕینی کارەبا، دەڵێ: "کۆماری ئیسلامی ئێران پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە هەیە، نزیکەی 11 ملیار دۆلار قازانج دەکەین لە فرۆشتنی گاز و کارەبا".