حکومەتی ژاپۆن رێگە دەدات دانیشتووانی دوو ناوچەی فوکوشیما بگەڕێنەوە زێدی خۆیان

K24 - هەولێر:
حکوومەتی ژاپۆن، بڕیاری چۆڵ کردنی دوو ناوچەی نزیک لە وێستگەی ئەتۆمی فوکوشیما دایی ئیچیی لابرد.
دوای ئەو بوومەلەرزە و تسونامییەی لە ساڵی 2011دا لە وڵاتی ژاپۆن روویدا و بووە هۆی دزە کردنی تیشکی ئەتۆمیی ناو وێستگەی ئەتۆمی فوکوشیما دایی ئیچیی، ناوچەکانی نزیک لە وێستگە ئەتۆمییەکە چۆڵ کران.
ناوچەکانی یۆنۆمۆری و ئۆسوگەی سەر بە شاری تۆمیۆکا لە دوای 12 ساڵ لە "ناوچەیەک کە گەڕانەوە بۆی سەختە" کرانە "ناوچەی تایبەتی دووبارە بنیاتنانەوە".
بەم شێوەیەش ئەو کەسانەی لە دوای کارەساتەکە ناوچەکەیان بەجێهێشتووە دەتوانن لە ماوەی دوو مانگ لە دوای دەرچوونی بڕیارەکەی حکوومەت، دووبارە بگەڕێنەوە بۆ ئەو خاڵانەی سەرلەنوێ لەو دوو ناوچەیەدا بنیاتنراونەتەوە.
هاووڵاتییەکی تەمەن 75 ساڵ بە ناوی ئۆنۆ کۆیچی، لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی فەرمی حکوومەتی ژاپۆن "NHK" باسی لەوە کرد کە دڵخۆشە بە گەڕانەوەی بۆ ژیانی رابردووی و دەچێت بۆ بینینی پشکوتنی گوڵی گێلاس لە ناوچەکەدا.
ئۆنۆ گوتیشی: "لە کاتێکدا پێموابوو کە خانەنشین دەبم و بەهاری دووەمی ژیانم دەژیم، بوومەلەرزە و رووداوی ناو وێستگە ئەتۆمییەکە روویاندا. ئێستاش دوای 12 ساڵ لە کۆتاییدا دەتوانم بگەڕێمەوە بۆ ژیانی رابردووم".
ماتسونۆ هیرۆکازو، سکرتێری گشتی کابینەی حکوومەتی ژاپۆن لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردبوو کە پێویستە هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ئەو ناوچانەی کەوتوونەتە ژێر کاریگەری کارەساتەکەی 2011ەوە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە لە ئاداری 2011دا بوومەلەرزەیەک بە گوڕی نۆ پلە ژاپۆنی هەژاند و بە دواشیدا تسونامی روویدا، لە ئاکامدا 15 هەزار و 900 کەس لە ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی ژاپۆن گیانیان لەدەستدا.
بەهۆی کارەساتەکەشەوە وێستگەی ئەتۆمی فوکوشیما دایی ئیچیی زیانی بەرکەوت، بۆ پاراستننی ژیانی هاووڵاتییانیش حکوومەت فەرمانی چۆڵ کردنی ناوچەکانی دەوروبەری وێستگەکەی دەرکرد.
لە تشرینی دووەمی 200دا ژمارەی ئەو کەسانەی دوای کارەساتەکە ناوچەکانی دەوروبەری وێستگەکەیان چۆڵ کردبوو گەیشتبووە زیاتر لە 30 هەزار کەس.