پزیشکێکی کورد بۆ یەکەمینجار دەرمانێکی دژەشێرپەنجە بە سەرکەوتوویی تاقیدەکاتەوە

K24 – هەولێر:

پزیشکێکی کورد دوای چەند ساڵێک لە توێژینەوە، توانی بۆ یەکەمینجار دەرمانێکی دژەشێرپەنجە بە سەرکەوتوویی تاقیبکاتەوە و ئەنجامی توێژینەوەکەشی لە جۆرناڵێکی پزیشکی جیهانی بڵاودەکاتەوە.

دکتۆر ھەژمەت عەبدولخالق عەلی لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوای زیاتر لە سێ ساڵ لە توێژنەوە، توانیویەتی بۆ یەکەمینجار دەرمانێکی دژەشێرپەنجە بە سەرکەوتوویی تاقیبکاتەوە و ئەنجامەکەشی لە جۆرناڵی (ئای جەی ئێم ئێس)ـی پزیشکی جیهانی بڵاوکردووەتەوە.

لەبارەی ناوەڕۆکی ئەو توێژینەوەیە، ئەو پزیشکە کوردە ئاماژەی بەوەکرد،  دەرمانەکە تایبەتە بە شێرپەنجەی ملی منداڵدان (عنق الرحم) و لە جۆری "13 ئەلف ئیسترۆنە" و لەدوای تاقیکردنەوە دەرمانەکە توانیویەتی 95% خانەکانی شێرپەنجە لەناوببات بەبێ ئەوەی کاریگەری لەسەر خانە ئاساییەکانی لەش دروستبکات.

هەروەها دکتۆر هەژمەت عەبدولخالق بۆ کوردستان24 دووپاتیکردەوە، دەرمانەکە هەژماردەکرێت وەک یەکەمین جۆری ماددەی ئیسترۆن کە لە سەرانسەری جیهان بەرهەمدەهێندرێت و تاقیدەکرێتەوە.

ئەو تیمەی کاریان لەسەر تاقیکردنەوەی ئەو دەرمان کردووە لە هەشت کەس پێکهاتبوو لەژێر سەرپەرشتی دکتۆر هەژمەت و ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە سەرقاڵی توێژینەوە بوون و تا گەیشتنە ئەو ئەنجامەی ئێستا بەدەستیان هێناوە.

توێژینەوەی ئەو پزیشکە کوردە، دەرگای فراوانتر بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەسەر دەرمانی دژەشێرپەنچەی ملی منداڵدان لە سەرانسەری جیهان دەکاتەوە، کە ئەم جۆرەی شێرپەنجە یەکێکە لە ترسناکترین و باوترین هۆکارەکانی مردنی ئافرەتانی تەمەن 30 ساڵ و زیاتر.

د. هەژمەت عەبدولخالق ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە لە زانکۆی سەگەد لە وڵاتی هەنگاریا وەک توێژەر کاردەکات و زیاتر لە هەشت ساڵیش مامۆستای کۆلیژی پزیشکی بووە لە زانکۆی دهۆک.

Fly Erbil Advertisment