كاتی جوڵه‌پێكردنی چەکی ئەتۆمی رووسیا بۆ بێلارووس دیاریكرا

چه‌كی ناووكی رووسیا له‌سه‌ر سنووره‌كانی ئۆكرانیا / رۆیته‌رز
چه‌كی ناووكی رووسیا له‌سه‌ر سنووره‌كانی ئۆكرانیا / رۆیته‌رز

K24 – هەولێر:

پەرلەمانی بێلاڕووس رەزامەندیدا لەسەر جێگیرکردنی چەکی تاکتیکی ئەتۆمی رووسیا لەسەر خاکی وڵاتەکەی.

پەرلەمانی بێلاڕووس بڵاویكرده‌وه‌، رەزامەندیانداوە لەسەر ئەوەی رووسیا چەکی تاکتیکی ئەتۆمی لەسەر خاکی وڵاتەکەیان جێگربکەن.

پەرلەمانی بێلاڕووس هه‌روه‌ها روونیشیكردووه‌ته‌وه‌، جێگرکردنی چەکی تاکتیکی ئەتۆمی پێچەوانەی یاساکان نییە و بەپێچەوانەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی وڵاتانی رۆژئاوایە لەسەر وڵاتەکەیان.

بڕیارە رووسیا چەکی ئەتۆمی وڵاتەکەی رەوانەی بێلاڕووس بکات.

ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا لەمبارەیەوە ئاشکرای دەکات، لەسەر داواکاری بێلاڕووس چەکی تاکتیکی ئەتۆمی وڵاتەکەی لەسەر خاکی بێلاڕووس جێگیردەکات، ئامادەکارییەکان دەستیانپێکردووە و ئەیلولی ئەمساڵ چەکی ئەتۆمی وڵاتەکەی دەگوازێتەوە بۆ بێلارووس.

پێشتریش هاوپه‌یمانه‌كه‌ی ڤلادیمێر پوتن، ئه‌لیكسه‌نده‌ر لۆكاشینكۆ سه‌رۆكی بێلارووس، له‌ گوتارێكدا رایگه‌یاندبوو، به‌هۆی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی، جه‌نگ له‌ ئۆكرانیا فراوان بوو.

هه‌روه‌ها گوتبووی: "خه‌ریكه‌ گڕی چه‌كی ناووكی به‌هۆی پاڵپشتییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی بۆ ئۆكرانیا، ده‌ربكه‌وێت".