بەشار ئەسەد سەردانی میسر دەکات

K24 - هەولێر:
میسر و سووریا لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان بۆ ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان بەردەوامن و لە چەند رۆژی رابردووشدا فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سووریا سەردانی قاهیرەی کرد و لەگەڵ سامیح شوکری، وەزیری دەرەوەی میسر چاویان پێککەوت و کۆبوونەوەیان ئەنجام دا، واشبڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا بەشار ئەسەد سەرانی قاهیرە بکات.
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان بڵاویان کردووەتەوە، دوابەدوای سەردانەکەی فەیسەڵ میقداد بۆ قاهیرە، بڕیار وایە دوای جەژنی رەمەزان و لە کۆتاییەکانی ئەم مانگەدا، بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا بە سەردانێکی فەرمی بگاتە قاهیرە و لەلایەن عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر پێشوازی لێبکرێت.
بەگێرەی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمەریکی، هەردوو وڵات رژدن لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان کە ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە بەهۆی شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، پەیوەندییەکانیان تێکچووە.
وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاماژەی بەوە کردووە، دانوستانەکانی نێوان هەردوو وڵات لە چوارچێوەی هەوڵە عەرەبییەکانە بۆ دووبارە رێکخستنەوەی پەیوەندی نێوان وڵاتانی عەرەبی لە سۆنگەی پێشهاتە خێراکان کە جوگرافیای سیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێکدەهێننەوە.