لە سلێمانی په‌تایەک له‌نێو منداڵان بڵاوبووەتەوە

K24 - سلێمانی

پەتایەکی ڤایرۆسی لە سلێمانى بڵاوبووەتەوە و رێژەى توشبوونی زۆرە. زۆرترین حاڵەتی قورسی پەتاکەش لەنێو منداڵان بەربڵاوە و چەند رۆژێکە ژمارەیەک زۆر لە منداڵانی نەخۆش خستووە، بەڵام پزیشکان دڵنیایی دەدەن و دەڵین، پەتایەکی ڤایرۆسییە و هاووڵاتییان هۆشیار دەکەنەوە کە دۆخەکە پێویستى بە خۆپارێزییە.

فەرمان عوسمان، هاووڵاتییەکی دانیشتووی سلێمانییە و منداڵەکەی هێناوەتە نەخۆشخانە ئەو دەڵێت: "هەفتەیەکە منداڵەکەم تووشی ئەو پەتایە بووە و ئەمە دووەمجارە دەهێنمە نەخۆشخانە".

دەشڵێت: "پەتاکە قورسە و پێویستە هاووڵاتییان خۆیان بپارێزن، بۆ ئەوەی تووشی ئەو پەتایە نەبن".

د. پشدەر عەبدوڵڵا، پسپۆرى نەخۆشییەکانى منداڵان و نەخۆشییە گواستراوەکان لە سلێمانی بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەو پەتایەی کە بڵاوبووەتەوە جۆرێکە لە ڤایرۆس، بەڵام لای ئێمە درەنگتر جۆرەکەی دیار دەکرێت".

سەبارەت بە نیشانەکانی ئەو پەتایە، د. پشدەر گوتی: "هەندێک جار کۆکە و قوڕگ ئێشە و هەندێک جار تای بەرزیشی لەگەڵە".

رێژەی توشبوون لە سلێمانى بە پەتاکە کە نیشانەکانى ئەنفلەوەنزاى  زۆرن، بەڵام ژمارەیان دیاری نەکراوە بەهۆى سوکى حاڵەتەکان خەواندن لە نەخۆشخانەکان بەهۆى پەتاکەوە زۆر کەمە، پزیشکانیش تەنها دەڵێن خۆپاراستن چارەسەرە.

Fly Erbil Advertisment