ئۆپۆزسیۆنی سووریا داوا دەکات رێگری لە بەشداریکردنی ئەسەد لە لوتکەی عەرەبی بکرێت

K24 - هەولێر:
ئیئتیلافی نیشتمانی هێزە شۆڕشگێڕ و ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا داوا دەکات رێگری لە بەشداریکردنی ئەسەد بکرێت لە لوتکەی عەرەبی.
بڕیار وایە لە 19ـی ئایاری ئەمساڵ لوتکەی عەرەبی لە ریازی پایتەختی سعوودیە بەڕێوەبچێ، سهرچاوهیهكی ئاگاداریش به ئاژانسی رۆیتهرزی راگهیاندووه، سعوودیه به نیازه سهرۆكی سووریا بانگهێشتی لوتكەکە بكات.
بە گوێرەی ئاژانسی رۆیتهرز فهیسهڵ بن فهرحان، وهزیری دهرهوهی سعوودیه بۆ ئەم مەبەستە به نیازه سهردانی دیمهشق بكات و داواتنامهی فهرمی بگهیهنێته بهشار ئهسهد، سهرۆكی سووریا بۆ ئامادهبوونی لهو لووتكهیە.
سەبارەت بە ئەگەری بەشداریکردنی سهرۆكی سووریا، ئیئتیلافی نیشتمانی هێزە شۆڕشگێڕ و ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاراستەی سەرۆکەکانی وڵاتانی عەرەبی کردووە و داوا دەکات رێگە بە بەشداریکردنی ئەسەد لە لوتکەکە نەدەن.
ئیئتیلافی نیشتمانی هێزە شۆڕشگێڕ و ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا رایگەیاندووە، هۆکارەکانی دەرکردنی رژێمی تاوانباری ئەسەد لە کۆمکاری عەرەبی و پەراوێزخستن و گۆشەگیرکردنی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییدا، تا ئێستاش بەردەوامییان هەیە و رۆژانە دەستی تاوان بۆ ئەو سوورییانە درێژ دەکات کە لە ناوچە ئازادکراوەکانن و بەردەوام لەژێر رەحمەتی بۆردوومان و تۆپبارانکردندان و دۆخێکی ترسناک رووبەڕوویان دەبێتەوە، بەتایبەتی کە میلیشیاکانی ئێرانی لەخۆگرتووە و بە هەمووان سووریایان کردووەتە چەقی تیرۆر و دابەشکردنی ماددەی هۆشبەر بەسەر جیهاندا.
راگەیەندراوەکەی ئیئتیلافی نیشتمانی هێزە شۆڕشگێڕ و ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا ئاماژەی بەوەشکردووە، بانگهێشتکردنی ئەسەد بۆ لوتکەی کۆمکاری عەرەبی، لە بەرژەوەندی ئێران دایە نەک گەلی عەرەبی.
ئیئتیلافی نیشتمانی هێزە شۆڕشگێڕ و ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا لە کۆتایی راگەیەنراوەکەیدا دەڵێ: داوا لە برایان و دۆستانمان دەکەین، وەک ئەرکێکی مرۆیی و ئەخلاقی لە بری داوەتکردنی ئەسەد بۆ لوتکەی کۆمکاری عەرەبی، لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکەن و سزای بدەن و پشتیوانی لە راگوزەری سیاسی لە سووریا بکەن.
star