ئوستورالیا تیک تۆک لە ئامێرە حکومییەکان قەدەغە دەکات
-Recovered-Recovered-Recovered-Recovered-Recovered-Recovered-Recovered.gif)
K24 - هەولێر:
حکومەتی ئوستورالیا دابەزاندن و کردنەوەی ئەپڵیکەیشنی تیک تۆک لەسەر ئامێرە حکومییەکان قەدەغە دەکات، بەمەش ئوستورالیا دەچێتە لیستی ئەو وڵاتانەوە کە بە پاساوی مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی دژی ئەپڵیکەیشنە چینییەکە رێکاریی جددیان گرتووەتە بەر.
مارک دریفوس، داواکاری گشتی رایگەیاند، بڕیارەکە دوای راوژێکردن بە ئاژانسەکانی هەواڵگری دراوە و بە زووترین کات دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئوستورالیا کۆتا ئەندامی هاوپەیمانی ئاسایشی نهێنی پێنج چاوە، کە بڕیاری قەدەغەکردنی تیک تۆک بدات لەسەر ئامێرە حکومییەکان.
هاوپەیمانی ئاسایشی نهێنی پێنج چاو، لە پێنج ئەندام پێکهاتووە، ئەوانیش (ئوستورالیا، بەریتانیا، کەنەدا، ئەمەریکا، نیوزلاند)، هەر پێنج ئەندامەکەی نێو هاوپەیمانێتییەکە لەبواری هەواڵگریدا هاوکاری یەکدی دەکەن.
جگە لەم وڵاتانە، فەرەنسا و هۆڵەندا و کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا، رێکاری هاوشێوەیان دژی تیک تۆک گرتووەتە بەر.
شارەزایانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی هۆشدارییان داوە لەوەی، تیک تۆک رەنگە بۆ کۆکردنەوەی داتا بەکاربهێندرێت و دواتر داتاکان بکەونە دەستی حکومەتی چینەوە.
راپرسییەکان مەزەندەیان کردووە کە حەوت ملیۆن ئوسترالی تیک تۆک بەکاردەهێنن.
فێرگس رایان، شرۆڤەکاری دامەزراوەی سیاسەتی ستراتیژی ئوسترالیا لەوبارەیەوە گوتی: قەدەغەکردنی تیک تۆک لەسەر مۆبایلەکانی حکومەت بڕیارێکە پێویستی بە 'بیرلێکردنەوە نییە'، ئەوە شتێکی روونە کە چین دەستی بە داتای بەکارهێنەرانی تیک تۆک دەگات.