ئەمڕۆ بە فەرمی ئاڵای فینلەندا لە ناتۆ هەڵدەکرێت

K24 - برۆکسل
ئەمڕۆ کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ کە پێکهاتوون لە 30 وڵات بەڕێوەدەچێت. بڕیارە لە رێوڕەسمێکدا بە فەرمی ئاڵای فینلەندا لە ریزی وڵاتانی دیکەی ئەندام لە بارەگای سەرەکی ناتۆ هەڵبکرێت و بەمەش فینلەندا دەبێتە 31مین ئەندامی ئەم رێکخراوە سەربازییە.
یانس ستولنبێرگ، پەیامێکی ڤیدیۆی بڵاوکردەوەو دەڵێت: ئەم هەفتەیە مێژوویی دەبێت و ئەندامبوونی فینلەندا ئێمە زیاتر بەهێزتر دەکات و ئاسایشی باکووری ئەوروپاش جێگیرتردەبێت".
سوید و فینلەند زیاتر لە ساڵێک دەبێت هەوڵی بە ئەندامبوونیان لە ناتۆ دەدەن، پاش رازیبوونی تورکیا ئەمڕۆ فینلەندا بە فەرمی دەبێتە ئەندامی ناتۆ، بەڵام سوید تاوەکو ئێستا دیار نییە کەی دەبێتە ئەندام و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە تورکیا چەند داواکاری هەیە لە سوید، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراون.