قائیمقامیەتی سلێمانی: لە هەر ماڵێکدا ئاژەڵ سەرببڕدرێت خاوەنەکەی سزا دەدرێت

K24 - هەولێر:

قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، لە هەر ماڵێکدا ئاژەڵ سەرببڕدرێت خاوەنەکەی سزا دەدرێت، ئاشکراشیکرد، لە ماڵێکدا دەست بەسەر ئاژەڵێکدا گیرا کە بەنایاسایی سەربڕدرابوو.

قائیمقامیەتی سلێمانی ئاشکرایکرد، لەسەر زانیاری ئاسایش و لەلایەن لیژنە هاوبەشەکانەوە لە ماڵێکدا لە گەڕەکی چوارباخ دەستگیرا بەسەر ئاژەڵێکدا کە بەبێ پشکنین و بەشێویەکی ناتەندروست سەربڕدراوە.

رێکان جەمال، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکان لەوبارەیەوە گوتی: بەهەموو جۆرێک سەربڕینی ئاژەڵ لە ماڵاندا بۆ هەر مەبەستێک بێت قەدەغەیە و لە هەر ماڵێکدا ئەو کارە بکرێت سزای یاسایی دەدرێت.

سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکان ئەوەشی خستەڕوو، گۆشتەکە نزیکەی 100 کیلۆگرام بووە و هیچ پشکنینێکی پێشوەختەی بۆ نەکراوە، هەربۆیە بەبڕیاری قائیمقامی سلێمانی تەواوی گۆشتەکە و هەموو ئەو ئامێر و کەرەستانەی بەکارهێنراوە دەستیان بەسەردا گیرا و رێکاری یاسایی لەگەڵ خاوەنی ماڵەکە دەگیرێتەبەر.

رێکان جەمال داواشی لە هاووڵاتیان کرد، بۆ سەربڕینی ئاژەڵەکانیان و بۆ ئەوەی لە زیانە تەندروستییەکان بەدووربن، کوشتارگەی سلێمانی بەکاربهێنن.

Fly Erbil Advertisment