بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری هەولێر: سەگە بێلانەکان لە شێڵتەرێکدا کۆدەکرێنەوە
K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری هەولێر رایدەگەینێت، ژمارەیەکی زۆر سەگی بێلانە لە سنووری پارێزگای هەولێر هەیە کە مەزەندە دەکرێت ژمارەیان لە 20 هەزار سەگ زیاتربێت، کاتێک بەدوای سەرچاوەی خۆراکدا دەگەڕێن و پێویستییان بە خواردن بێت پەلاماری هاووڵاتییان دەدەن و دەبنە سەرچاوەی هەڕەشە بۆیان.
ئەمڕۆ (7ــی نیسان/ ئێپڕێڵی 2023)، مەمەند محەممەد، بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری هەولێر، بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوەکرد، سەگە بێلانەکان پەلاماری خەڵک دەدەن و دەبنە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ ژیانیان، هەروەها نەخۆشی هاری لە رێگەی گەستن بڵاودەکەنەوە و نەخۆشی تورەگەی ئاوی لە رێگەی سەوزە و میوە بڵاودەکەنەوە، کە لە کوشتارگەکاندا هەستی پێدەکرێت.
بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری هەولێر گوتیشی، بە مەبەستی سنووردارکردنی هەڕەشەی ئەو سەگە بێلانانە، پارێزگای هەولێڕ پڕۆژەیەکی راگەیاندووە، کە 20 دۆنم زەوی تەرخان دەکرێت بۆ کۆکردنەوەیان لە شێڵتەرێکی تایبەت بە سەگە بێلانەکان.
مەمەند محەممەد، ئەوەشی روونکردەوە، رۆژانە ئەو سەگانەی کە دەستگیردەکرێن لەلایەن تیمەکانی شارەوانی و بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەکانی ڤێرتەرنەری دەگوازرێنەوە بۆ شێڵتەر، لەوێدا کرداری نەشتەرگەریان بۆ ئەنجامدەدرێت بۆ پەکخستنی توانای زاوزێکردنیان و نەزۆک خستنیان.
بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری هەولێر، ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو سەگەکان لەناو شێڵتەرەکە کوتانی دژی نەخۆشی هارییان بۆ ئەنجام دەدرێت و چارەسەری دژی نەخۆشییە مشەخۆرییەکانیان بۆ دەکرێت، کاتێک کاری تەندروستی پێویسیان بۆ کرا گوێچکەیان نیشان دەکرێت، بۆ ناسینەوەیان لە دەرەوەی شێڵتەر کە جێی مەترسی نین بۆ هاووڵاتییان.
مەمەند محەممەد، بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری هەولێر، لە رێگەی کوردستان24ــەوە دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە کاری دروستکردنی شێڵتەرەکە دەستی پێکردووە و کارکردن بەخێرایی تێیدا بەردەوامە، هەروەها پێشبینی دەکەن، لە ماوەی مانگێکدا گشت کارەکان تەواو بن و شێڵتەرەکە بە رووی سەگە بێلانەکاندا بکرێتەوە.