20 ساڵ بەسەر ئازادكردنی عێراق تێدەپەڕێت

K24 - بەغدا
بیست ساڵ بەسەر ئازادكردنی عێراق تێدەپەڕێت، بەڵام لایەنەكانی عێراق نەیانتوانیووە كێشەكانیان وەلا بنێن و خزمەتی ھاووڵاتییان بكەن. ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق دەڵێ: بێ متمانەیی لەنێوان لایەنەكان زیانی زۆری بە پڕۆسەی سیاسی و خزمەتگوزاری لە عێراق گەیاندووە.
دوای 20 ساڵ لە ئازادکردنی عێراق، بەڵام لە شەقامی بەغدا بەردەوام نیگەرانی بەدەی دەكەیت. قەیرانی متمانە لەنێوان هاووڵاتی و دامەزراوە سیاسی، ئیداری و خزمەتگوزارییەکان بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان دەزانرێت. پاش 20 ساڵ لە روخانی رژێمی پێشووی عێراق، بەڵام هێشتا لایەنەکان متمانەیان بە یەکتر نییە رۆژ بە رۆژ ناكۆكی درزی گەورەترین دەخاتە نێوانیان، ھۆكارەكەشی دەگەڕێننەوە بۆ شەڕی بەدەستھێنانی كورسی كە وایكردووە متمانەیان بەیەكتر نەبێت.
ئەحمەد مەجید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق-سەربەخۆ، بە کوردستان24ی راگەیاند: "پەیوەندییەکان لەسەر بەرژەوەندی بنیاد نراوە، دەکرێت گۆڕانکاری لەو بەرژەوەندیانە بکرێت، چونکە متمانەیان لەسەر یاسا یاخودرێگایەکی دیاری کراو دانەنراوە بۆیە هەر پەیوەندییەک لەنێوان پێکهاتەکان لەسەر بەرژەوەندی دانراوە، هەروەها لایەنە سیاسییەکانیش بەرژەوەندی تەسکیان هەیە وەک کورسی، دابەشکردنی پارەکان، وەزارەتەکان".
بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پێیان وایە جێبەجێ نەکردنی رێکەوتنە سیاسییەکان لەنێوان حزب و کوتلەکان هۆکاری سەرەکی نەبوونی متمانەیە لەنێوان یەکتردا.
سەبارەت بەوە سیپان شێروانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیونی پارتی دەڵێت: "بەرپرسانی عێراق بەردەوام بەڵێنی خۆشگوزەرانی و ئارامی بە ھاووڵاتییان دەدەن، كاتێك دێنە دەسەڵات ھیچ لەو بەڵێن و بڕیارانەیان جێبەجێ ناكەن، ئەمەش وادەكات بێ متمانەیی لەنێوان ھاووڵاتی و دەسەڵات دروست ببێت، بەتایبەتی لە رووی دابینكردنی خزمەتگوزارییەگشتییەكان".