ماكرۆن: نابێت ئه‌وروپا ببێتە بەشێك لە ئاڵۆزییەکانی جیهان

K24 – هەولێر:
فەرەنسا ره‌تیده‌كاته‌وه دوای هەنگاوەکانی ئەمه‌ریکا و چین بکەوێت و داوا دەکات ئەوروپا نەبێتە بەشێك لە ئاڵۆزییەکانی نێوانیان.
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لە بارەی کێشەی دوورگەی تایوان رایگەیاند، ئەوروپا نابێته شوێنکەوتووی چین یان ئەمه‌ریکا و کیشوەرەکە خەریکە خۆی بخاتە ناو قەیرانێک کە پەیوەندی بەو نییە.
ئاشکراشی دەکات، هەر کاتێک تێڕوانینەکان لەگەڵ ئەمه‌ریکا یەکی نەگرتووە دەبێت راشکاوانە باس بکرێت.
ماکرۆن گوتی: ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمه‌ریکا و چین لە بارەی تایوان لە زیادبووندان، ئەگەر بەرەنگاری یەکدی بوونەوە ئەوروپا کات و سەرچاوەی نامێنێت تاوەکو بەردەوامی بە ئۆتۆنۆمی ستراتیژی خۆی بدات، لە کاتێکدا دوای چەند ساڵێک دەتوانێت ببێتە سێیەم جەمسەری جیهان.
ئاماژەی بەوەشدا، بابەتەکە لەسەر تایوان، پەیوەندییەکان لەگەڵ چین، سزاکان یان ئۆکرانیا بێت، ئەوروپا ستراتیژییەتی خۆی هەبێت و نابێت ببێتە بەشێك لە ئاڵۆزییەکانی جیهان.
له ساڵی 1949 په‌یوه‌ندییه فه‌رمییه‌كانی نێوان چین و تایوان تێكچوو، دوای ئه‌وه‌ی له شه‌ڕێكی ناوخۆییدا هێزه‌كانی كۆمینتاگ، به‌سه‌ركردایه‌تی ژان كایشی، له‌گه‌ڵ پارتی شیوعی چین شكستی هێنا و رایانكرده تایوان، دواتر له هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو جارێكی دیکە په‌یوه‌ندییه بازرگانی و فه‌رمییه‌كانی چین و تایوان ده‌ستیان پێكرده‌وه.
دوای سەردانەکەی نانسی پیلۆسی سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بۆ ئەو دوورگەیە لە سەرەتای مانگی ئابی ساڵی رابردوو، په‌یوه‌ندییه‌كانی چین و تایوان جارێكی دیكه ئاڵۆز بووه‌وه.